موکەڕەم تاڵەبانی نوسەر و کەسایەتی ناوداری کورد کۆچی دوایی کرد



وێستگەنیوز_

ئەمڕۆ هەینی 24ـی 1ـی 2025، موکەڕەم تاڵەبانی کەسایەتی ناوداری کورد لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد 

سبەی شەممە یەکەم رۆژی پرسەکەی دەبێت لە مزگەوتی ئەحمەدی حاجی عەلی ناسراو بە (ئەحە سوور) لە شاری سلێمانی و یەکشەممە لە کەرکووک پرسەی بۆ دادەنرێت.

موکەڕەم شێخ جەمال شێخ محەممەد، ناسراو بە موکەڕەم تاڵەبانی، ساڵی 1923 لە کەرکووک لە دایکبووە.

موکەڕەم تاڵەبانی نووسەر و سیاسی بەناوبانگی کورد، لە ساڵی 1937 بەشدار بووە لە دامەزراندنی حیزبی هیوا. هەروەها دوای هەڵوەشاندنەوە حیزبەکە ساڵی 1945 بووە بە ئەندامی حیزبی شیوعیی عیراق.

ساڵی 1958 کراوە بە بەڕێوەبەری گشتیی ئیدارەخانەی ئینحیساری تووتن و پاشتر کە وەزارەتی کشتوکاڵ دامەزراوە، بووە بە پشکنەری گشتی و دواتر ڕاوێژکار- 1968. 

لە کودەتای 8ـی 2ـی 1963ـی بەعسییەکاندا گیراوە و دادگای کودەتاچییەکان حوکمی سێ ساڵ و نیو زیندانی داوە و ساڵی 1965 ئازادکراوە. 1968 کە بەعسییەکان ھاتنەوە سەر کار، گەڕاوەتەوە سەر کاری خۆی. 

لە ساڵی 1973 بڕوانامەی دکتۆرای لە (چاککردنی کشتوکاڵ و گەشەکردنی کۆمەڵایەتی لە دێھاتی عیراقدا) وەرگرتووە. ساڵی 1975 دووەم بڕوانامەی لەسەر (دووفاقیی موڵکداری لە میزۆپۆتامیادا) بەدەستھێناوە. 
 
لە سەردەمی پاشایەتیدا چەند ساڵێک دەخرێتە زیندانەوە. لە ساڵی 1972 لە حکومەتی عێراقیدا دەبێتە وەزیری ئاودێری. زۆر لە سەرکردەکانی بەعسی لە نزیکەوە ناسیووە و چەندینجار سەرکۆماری ئەوکاتەی عێراق، ئەحمەد حەسەن بەکری بینیوە. لە نزیکەوە ئاشنایەتی لەگەڵ سەددام حوسێندا هەبووە. 
 
هەمیشە وەکو ناوبژیوانکەر لەنێوان حکومەتی عێراقی و پارتە کوردییەکاندا بەتایبەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رۆڵی بینیوە.
 
ئاداری ساڵی 2023، کتێبی "باریکەڕێیەکانی ژیانی موکەڕەم تاڵەبانی" لە 518 لاپەڕەدا بڵاوکرایەوە، تێیدا لە 501 وێستگەی جیاوازدا، سەرگوزەشتە و ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیی موکەڕەم تاڵەبانی دەگێڕێتەوە.

ئەو کەسایەتییە گەورەی کورد، ئەمرۆ لە تەمەنی 102 ساڵیدا، بۆ دواجار ماڵئاوایی لە ژیان و نیشتیمان کرد.


AM:10:54:24/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 1944 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو