یەکێتی بۆ پارتی: ئەوەی لەگەڵ جەبهەی تورکمانی و سیادە دەیکەن، ئامانج لێی گێڕانەوەی پارێزگاری سەپێنراوی پێشووی کەرکوکە


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ـی کانوونی دووەمی 2025، مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیانی پارتی لەسەر بڕیاری دادگای کارگێری عێراق دەربارەی رەتکردنەوەی تانەکان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، دواتر سەرکردایەتیی کەرکوک-سەڵاحەدینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەڵامی راگەیەندراوەکەی دایەوە.


لە راگەیەندراوەکەی سەرکردایەتیی کەرکوک-سەڵاحەدینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هاتووە، "هەر کوردێکی بە شەرەف بە دیقەتەوە راگەیەندراوەکەی پارتی سەبارەت بە بڕیاری دادگای کارگێڕیی عێراق بەڕەتكردنەوەی سکاڵاکانی؛ (پارتی، و هاوبەشەکانی لە جەبهەی تورکمانی، و سیادە بەوەی کە تەواوی ئەو ڕێکارەکانی کە پەیوەست بوونە بە هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک و پارێزگاری کەرکوک تەواو یاسایی و دەستووری بوونە) بۆی روون دەبێتەوە کە پارتی چۆن بە ئاشکرا و بە نهێنی دەستی لەگەڵ نەیارانی ئارامی و سەقامگیری و ئاوەدانی دژ بە پێکهاتەکانی کەرکوک تێکەڵ کردووە، و دیەوێت مۆرکی کوردستانیی بوونی کەرکوک بەو پارێزگایە بسڕێتەوە".

ئاماژە بەوەکراوە، "لە لای کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و دادگاکانیش ئەو راستییە روون بووەتەوە کە ئیستحقاقی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە بەرژەوەندی چی لایەنێک یەکلابووەتەوە، و کێ مافی ئەوەی پێدراوە کە ئیدارەی نوێی پارێزگای کەرکوک پێکبهێنێت بە دەستەبەرکردنی 50+1، هەروەها ئەوەی کە پارتی بە هاوبەشی لەگەڵ جەبهەی تورکمانی و سیادە دەیکات؛ ئامانج لێی گێڕانەوەی پارێزگاری سەپێنراوی پێشووی کەرکوکە و سەپاندنێتی بە سەر ئیرادەی میللەتەکەمان کە ئەوە خەونی چۆلەکەیە و هەرگیز جارێکی تر روو ناداتەوە".

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "جەماوەری خۆڕاگری کەکوک دڵنیا دەکەینەوە چۆن لە ساتە هەرە قورس و ناخۆشەکاندا جێمان نەهێشتن و بەڵێنمان پێتاندا کۆتایی بە سیاسەتە چەوتەکانی پارێزگاری سەپێنراوی پێشووی کەرکوک بهێنین، ئێستایش بە پشتیوانی خوا و میللەتەکەمان کۆتاییمان بەو پیلانگێڕییە هاوبەشە هێنا کە پارتی سەرکردایەتی دەکات و دەیانویست کەرکوک بگێڕنەوە بۆ پێش 18/12/2023".

لە کۆتایشدا یەکێتی جەختدەکاتەوە لەوەی، "ئەم ئیدارە گەلپەسندە یاسایی و دەستوورییەی کە هاووڵاتییانی خۆشەویستی کەرکوک متمانەیان پێداوە، حکومەتی خۆجێی سەرجەم پێکهاتەکانە بەبێ جیاوازیی، و هەموو هەوڵەکانی خۆی دەخاتەگەڕ لە پێناو بەدیهێنانی سەقامگیری و ئاوەدانی بۆ کەرکوک و دانیشتووانە رەسەنەکەی. وەک هەموو لایەکیشتان ئاگادارن لە ماوەی چوار مانگی دەستبەکاربوونی پارێزگاری هەڵبژێردراوی کەرکوک خۆی و تیمەکەی بەوپەڕی خەمخۆری و دڵسۆزییەوە ئەرکەکانی سەر شانی خۆیان راپەڕاندووە بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییانی کەرکوک، و لە ماوەکانی داهاتووشدا بەرهەمەکەی بۆ یار و نەیار زیاتر بەرجەستە دەبێت، بە کوێرایی چاوی دووژمنان".



PM:10:56:23/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 2344 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت