مەسرور بارزانی: رێککەوتنی کەرکوک لەنێوان عێراق و کۆمپانیای BP بەریتانی دەبێت هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە
وێستگەنیوز-
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، رێککەوتنی کەرکوک لەنێوان عێراق و کۆمپانیای نەوتی "BP" بەریتانی دەبێت هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە، ئاماژە بەوەشدەکات، ئەو ناوچەیەی بەغدا لەگەڵ کۆمپانیاکە باسی دەکات ناوچەیەکی کێشە لەسەرە.
ئەمڕۆ 23ی کانونی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەمیانەی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز رایگەیاند، "بەغدا و کۆمپانیای نەوتی BPی بەریتانی دانوستان لەسەر رێککەوتنێکی گەورە دەکەن بۆ دووبارە گەشەپێدانی کێڵگە نەوتی و گازییەکانی کەرکوک، ئەو رێککەوتنی پێویستە هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە".
ئاماژەی بەوەداوە، "ئەو ناوچەیەی بەغدا لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە باسی دەکات، ناوچەیەکی کێشە لەسەرە، بەپێی دەستوور، ناوچە کێشە لەسەرەکان ناوچەیەک نین کە هەولێر یان بەغدا بە تاکلایەنە بڕیاری لەسەر بدەن".
ئەوەشی وتوە، ""ئێمە لەبنەڕەتدا دژی گەشەپێدان نین، بەڵکو دژی میکانیزمەکەین، چونکە کۆبوونەوەی سێ قۆڵی پێویست بوو بۆ هەماهەنگی".
بڕیارە عێراق و کۆمپانیای نەوتی BPی بەریتانی لە هەفتەی یەکەمی مانگی شوبات رێککەوتنێکی چەند ملیار دۆلاری واژۆ بکەن کە چوار کێڵگەی نەوت و گاز لە کەرکوک دەگرێتەوە.
مەسرور بارزانی لەوبارەیەوە وتی، "پێموانییە توانای ئەوەمان هەبێت کە ئەم کارە بوەستێنین"، بەڵام سەرۆک وەزیرانی هەرێم رێککەوتنەکەی بە "نادەستووری" وەسفکرد.
PM:09:41:23/01/2025
ئهم بابهته 1936
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت