قوباد تاڵەبانی: بەبێ هاوبەشیی راستەقینە حکومەتێکی کارا و یەکگرتوو و بەهێز دروست نابێت
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی کانونی دووەمی 2025, قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە تۆبیاس لیندنەر، وەزیری دەوڵەت و رێکخەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ کاروباری سوریا و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەیەوە کرا.
بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە بێت، جێگری سەرۆک وەزیران سوپاسی هاوکارییەکانی حکومەتی ئەڵمانیای کرد بۆ هەرێمی کوردستان و هیوای خواست لە داهاتوودا هاوکارییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ حکومەتی هەرێم لە بوارە جیاوازەکاندا، بە تایبەت لە بوارەکانی کشتوکاڵ و کارسازی و ریفۆرم لە هێزەکانی پێشمەرگەدا زیاتر پەرەبستێنێت.
ئاماژە بەوەکراوە، "لە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان. لەمبارەیەوە، قوباد تاڵەبانی روونی کردەوە کە کۆبوونەوەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان و بە تایبەتیش لەنێوان پارتی و یەکێتی بەردەوامە و هیواشی خواست گفتوگۆکان بەزوویی بە ئەنجام بگەن".
لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا، "یەکێتی هەوڵ دەدات حکومەتی داهاتوو لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە پێکبهێنرێت، چونکە بەبێ هاوبەشیی راستەقینە حکومەتێکی کارا و یەکگرتوو و بەهێز دروست نابێت کە بتوانێت لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی خەڵکی کوردستاندا بێت و کێشە سەرەکییەکان چارەسەر بکات".
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی ریفۆرم لە هێزی پێشمەرگەدا کرا لەمبارەیەشەوە، جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند، "هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی پرۆسەی ریفۆرم بەو شێوەیە جێبەجێ بکرێت کە بە هاوکاری هاوپەیمانان پلانی بۆ دانراوە. جەختیشی کردەوە بۆ ئەوەی پڕۆسەکە بە خێرایی و بە باشی بەڕێوەبچێت پێویستە حکومەتی داهاتوو حکومەتێکی بەهێزی یەکگرتووبێت و متمانەی تەواو لەنێوان لایەنە بەشدارەکاندا هەبێت".
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی سوریا و ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە کرا، باس لەوەشکرا کە سوریا بە دۆخێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت و هیوایان خواست لایەنەکانی سوریا بتوانن لەرێگەی گفتوگۆوە ناکۆکییەکان چارەسەر بکەن.
هەر لەم چوارچێوەیەدا جەختکرایەوە کە پێویستە هەموو پێكهاتەکانی سوریا و بە تایبەتیش کورد وەک پێکهاتەیەکی گرنگ بەشداری پێ بکرێت لە داڕشتنەوەی سیستمی سیاسی نوێی سوریا و بەشێکی گرنگ بێت لە ئیدارەدانی سوریای نوێدا.
PM:05:54:23/01/2025
ئهم بابهته 2016
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت