هەمواری یاسای بودجە ناکۆکییەکان قوڵتر دەکاتەوە، هەرێمی کوردستان پێشنیازی نوێ رەتدەکاتەوە


وێستگەنیوز -

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پێشنیازێکی نوێ بۆ یاسای بودجە دەخاتەڕو، داوا دەکات سەرجەم داهاتی فرۆشی نەوت و غاز و بەرهەمە نەوتییەکان بە تەواوی رادەستی خەزێنەی گشتی بکرێت. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەم هەوڵانە زیان بە هەموو عێراق دەگەیەنن و کێشەکان قووڵتر دەکەنەوە و خزمەت بە چارەسەرکردنی پرسەکان ناکات.


هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی عێراق کە تایبەتە بە پرسی نەوتی هەرێمی کوردستان بووەتە گرێ کوێرەی ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بەهۆی ناکۆکییەکانەوە تا ئێستا پەسەند نەکراوە.

هەموارەکە، خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە، بەڵام ناکۆکییە سیاسییەکان رێگربوون دەنگی لەسەر بدرێت و پەسەند بکرێت.

ئێستا محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق وەک هەوڵێکی چارەسەری پێشنیازێکی نوێی لەسەر هەموارەکە پێشکەشکردووە، بەڵام پێشنیازەکە هەرێمی کوردستانی نیگەران کردووە.

بەپێی دەقی پێشنیازە نوێیەکەی سودانی، هەرێمی کوردستان دەبێت سەرجەم داهاتی فرۆشی نەوت و غاز و بەرهەمە نەوتییەکان، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە، بە تەواوی رادەستی خەزێنەی گشتی بکات.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی وتەبێژەکەیەوە نیگەرانی بەرامبەر پێشنیازە نوێیەکە دەربڕیووە و پێشنیازە نوێیەکەی ڕەتکردەوە.

پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەت لە ڕاگەیەنداروێکدا ڕایگەیاندووە، ئەم پێشنیارە دژی بڕیاری پێشووی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵە تایبەت بە هەموارکردنەوەی پڕۆژە یاسای بودجە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان .

باسی لەوەشکردووە، ئەم هەوڵانە زیان بە هەموو عێراق دەگەیەنن و کێشەکان قووڵتر دەکەنەوە و خزمەت بە چارەسەرکردنی پرسەکان ناکات.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جەختکردنەوە لە ڕەتکردنەوەی پێشنیازە نوێیەکە، داوای کردووە ئەو پێشنیارەی لەسەر ڕێککەوتوون ، بخرێتە دەنگدانەوە.

گرنگی هەموارکردنەوەی یاسای بودجە بۆ هەرێمی کوردستان

بڕگەی (ج) لە ماددەی 12ـی یاسای بودجەی عێراق ئەو بەشەیە کە هەموار دەکرێتەوە، پەسەندکردنی ئەم هەموارە یەکێکە لە خواستەکانی هەرێمی کوردستان چونکە تێچووی دەرهێنانی هەر بەرمیلێک نەوتی هەرێمی کوردستان لە 8 دۆلارەوە دەکاتە 16 دۆلار.

زیادکردنی تێچووی دەرهێنانی نەوت، بەشێکی گەورەی کێشەی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان چارەسەر دەکات و هەنگاوەکانی هەناردەکردنەوە خێراتر دەکرێن.

لە گرێبەستی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان، تێچووی دەرهێنانی بەرمیلێک نەوت بە سەروی 26 دۆلار دانراوە، بەڵام لە یاسای بودجەی عێراقدا بە 8 دۆلار دیاریکرابوو.

ڕۆژی 20ـی ئەیلولی 2024، مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بەو تێچووەی دەرهێنانی نەوت کە هەرێمی کوردستان داوای کردووە بە کەناڵی العرەبییەی ڕایگەیاند، "كێڵگەكانی كوردستان جیاوازن و جۆری نەوتیش لەو كێڵگانە جیاوازن، ئەو تێچووە ئێمە دیاریمان نەكردووە، ئەوە واقیعێكە كە لە لایەن لیژنەی تایبەتمەندەوە دیراسە كراوە".

لەبارەی شێوازی دیاریکردنی تێچووی نەوت باسی لەوەشکرد، كۆمپانیا وەبەرهێنەرەكان هەموویان بیانین و بەشێك لە سەرمایەكانیان بۆ دەرهێنانی نەوت وەبەرهێناوە، بەشێكیشی وەك تێچوی گەڕاندنەوە لەوەی لە نەوت دەردەهێندرێت، بەشێكی دیكەی وەبەرهێنانەكەشیان بەپێی گرێبەستەكانە، ئەوەی دەمێنێتەوە لە قەرزە كەڵەكەبووەكان وەردەگیرێت، بە كۆكردنەوەی هەموو ئەو تێچوونانە، تێچوونی راستەقینەی دەرهێنانی نەوت دەردەكەوێت.

دەقی ئەو هەموارەی هەولێر و بەغداد لەسەری ڕێکەوتوون

5ـی تشرینی دووەمی 2024، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق هەمواری مادەی 12ـی تایبەت بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی لە یاسای بودجەی سێ ساڵی عێراق پەسند کرد.

بەپێی ئەو هەموارەی کە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پێشکەشی کردبوو، تێچووی هەناردەی نەوت لە 8 دۆلارەوە بۆ 16 دۆلار زیاد دەکات.

هەر بەپێی هەموارەکە، بڕگەی یەکەمی مادەی 12، بەم شێوەیە هەموار دەکرێتەوە وەزارەتی دارایی عێراق شایستە داراییەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت دەداتە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەرجێک نەوتەکەی رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق سۆمۆ یان وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بکات.

لە بڕگەکانی دیکەی پێشنیازە هەموارەکەدا هاتووە، شایستە داراییەکان بە شێوازێکی دادپەروەرانە لەلایەن دامەزراوەیەکی راوێژکاریی نێودەوڵەتی تایبەتمەند کە دڵخوازی وەزارەتەکانی نەوتی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بێت، دیاری دەکرێن.

ڕۆژی 13ـی کانوونی دووەمی 2025، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ هەمواری مادەی 12ـی لە یاسای بودجە کرد.

بڕیاربوو، ڕۆژی 19ـی کانوونی دووەمی 2025 لە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگ لەسەر هەموارەکە بدرێت و پەسەند بکرێت، بەڵام نەخرایە دەنگدانەوە.

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ڕێککەوتنێکی سیاسی کرابوو لەبارەی هەموارەکەوە، بەڵام ئەمڕۆ هەندێک دەستکاری پرۆژەی هەموارەکە کرا، کە ئەمەش جێگەی قبووڵ نییە، بەڵکو ئێمە و زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان لەسەر ئەوە هاوڕایان کە ئەم پڕۆژەیە چۆن لە لایەن حکومەتەوە هاتووە با بەو شێوەیە تێپەڕێندرێت.

ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان

ڕۆژی 25ـی ئازاری 2023، دادگای ناوبژیوانیی پاریس بڕیاڕی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانی دەرکرد، ئەوەیش لەسەر بنەمای سکاڵایەکەی حکومەتی عێراق.

عێراق لەو سکاڵایەدا کە لە دادگاکە تۆماری کردبوو، داوای کردبوو هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی تورکیاوە ڕابگیرێت، چونکە هەناردەکردنە بەبێ ڕەزامەندی دەکرێت.

پێش بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانیی پاریس، هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان و 75 هەزاری کەرکوکی هەناردەی تورکیا دەکرد.

بە وتەی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتەوە، مانگانە هەرێمی کوردستان نزیکەی یەک ملیار دۆلار زیانی پێدەگات.


PM:05:29:23/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 2248 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت