پارتی: بڕیارەکەی دادگای کارگێڕی لەبارەی دیاریکردنی پارێزگاری کەرکوکەوە پیشێلکردنی یاسایە
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ـی کانوونی دووەمی 2025، مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیانی پارتی لەسەر بڕیاری دادگای کارگێری عێراق دەربارەی رەتکردنەوەی تانەکان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا پارتی رایگەیاندووە، "بڕیاری دادگای کارگێڕیی عێراقی ژمارە (118/2025) لە بەرواری 22/1/2025، بەڕەتكردنەوەی تانەكان لە ڕێکارەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و پارێزگاری کەرکوک لە کۆبوونەوەیەکدا کە لە بەغدا بەڕێوەچوو، بەبێ ئاگادارکردنەوەی بەشێك لە ئەندامانی هەڵبژێردراوی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە شوێن و کاتی کۆبوونەوەکە، فەسڵێكی دیكە لە خراپ سوودوەرگرتن لە پێگەی دادگاكان لەپرۆسەی دیموكراسی و دەستوریی عێراقدا پێك دێنێت، بۆ مەبەست و بەرژەوەندیی تایبەتی ئەم یان ئەو لایەنە سیاسیە، هەروەها بێ گوێدانە پیرۆزیی وەزیفەی دادگا و بەرژەوەندیی گشتی و هەستیاری بارودۆخی سیاسی لە عێراقدا".
ئەوە هاتووە، "ئەم بڕیارە پێشێلکاریەکی ڕوونی بنەماکانی دادپەروەری و سەروەریی دەستور و یاسا پێکدەهێنێت، هەروەها پێشێلکردنی ئەو ڕێکارە یاساییانەیە کە گەرەنتیی شەفافیەت و بەشداریکردنی کاریگەرانە لە پڕۆسەی دیموکراسیدا دەکەن. ئەوە سەرەڕای ئەوەی پەراوێزخستنی ژمارەیەک ئەندامی ئەنجوومەن لە بەشداری كردن لەبڕیاردان لەچارەنووسی پۆستە گرنگ و هەستیارەكانی پارێزگاكەیان، ڕەنگدانەوەی هەوڵێکی ڕوونە بۆ پەراوێزخستنی بەشێك لە پێکهاتەکانی پارێزگاکە و سەپاندنی ئیرادەی سیاسی تاکلایەنە و سەرپێچیەكی زەقی (بڕگەی چوارەم لە ماددەی 35) یاسای هەڵبژاردنەكان ژمارە 12 ساڵی 2018 هەمواركراو و ماددەكانی یاسای پارێزگاكانی لە هەرێمێكدا ڕێكنەخراون ژمارە 21 ساڵی 2008 هەمواركراوە".
ئاماژە بەوەکراوە، "ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان ئەم بڕیارە بە پێشهاتێکی مەترسیدار دەزانین کە هەڕەشە لە پێکەوەژیانی ئاشتیانەی پێكهاتەكانی کەرکووک دەکات، هەروەها دەبینین كە گورزێكی توند لە متمانەی هاووڵاتیان بە دامەزراوە دادوەرییەکان دەدات و هەستی نادادپەروەری و جیاکاری بەهێز دەکات، ئەمەش مامەڵەی جددی و بەرپرسانەی هەموو لایەکی دەوێت".
ئەوەش هاتووە، "کەرکوک مۆدێلی فرەچەشنی نەتەوەیی و ئاینییە، هەر ڕێوشوێنێک بە پشتگوێخستنی شەراکەتی ڕاستەقینەی نێوان هەموو پێکهاتەکانی و بەبێ ڕێزگرتن لە چوارچێوە یاسایی و دەستوورییەکان بگیرێتە بەر، دەبێتە هۆی ناسەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی لە پارێزگاکەدا. لەم سۆنگەیەوە، داوا لە دامەزراوە قەزاییە پەیوەندارەكان دەكەین، كە دەرفەتی چاوخشاندنەوە بەو بڕیارە نادادپەروەرانەیە لەدەست نەدەن، هەروەها یاسا و دادپەروەری جێبەجێ بكەن، و ئەو هەڵوێستە چەوتە ڕاست بكەنەوە. بەرپرسیارێتی خۆیان لە دەستەبەرکردنی ڕێزگرتن لە ئیرادەی خەڵکی کەرکوک بە هەموو پێکهاتەکانیەوە بگرنە ئەستۆ، بۆ مسۆگەركردنی پابەندبوون بە بنەماکانی دەستوور کە مافی یەکسان بۆ هەمووان دەستەبەر دەکات".
لە کۆتاییدا دووپاتی دەکەنەوە، "پارتی دیموکراتی کوردستان وەک داكۆكیكاری شەراکەتی نیشتمانی ڕاستەقینە دەمێنێتەوە، درێغی ناکات لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی پارێزگای كەركووك بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری و بەشداریی و شەراكەتی ڕاستەقینە لە بەڕێوەبردن و بڕیاردان لە ژیانی كەركوكیەكان بەبێ دەستوەردانی نایاساییانە و پێشێلكردنی بنەماكانی دەستوور، بۆیە بەئەركی خۆمانی دەزانین كە دەنگمان بخەینە پاڵ دەنگی ناڕەزایەتیەكان لەبەرامبەر ئەو بڕیارە و پشتگیری تەواوی سەرجەم ڕێكارە یاسایی و دەستورییەكان بكەین لەپێناو ڕاستكردنەوەی ئەو هەڵەیە و هەڵگرتنی ئەو زوڵمەی لە ئیرادەی دەنگدەرانی پارێزگاكە دەكرێت".
PM:05:17:23/01/2025
ئهم بابهته 2884
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت