حکومەتی هەرێم پەیامێکی تووند ئاڕاستەی حکومەتی عێراق دەکات


وێستگەنیوز-

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بەداخەوە لە کۆتا ساتەکاندا ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر هەمواری یاسای بودجە نەدا، ئاماژە بەوەشدەکات، تووشی سەرسوڕمان بووین.


پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "دوای چەندین کۆبوونەوە و هەوڵ و ماندووبوون بۆ ئەوەی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵ لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە هەموار بکرێتەوە و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەست پێ بکاتەوە ،هەرچەندە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمیشی بۆ کرا، بەڵام بەداخەوە لە کۆتا ساتەکاندا، دەنگی لەسەر نەدرا".

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە تووشی سەرسوڕمان بووین بەوەی پێشنیارێک لە لایەن نوێنەری حکومەتی فیدراڵ لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، تاکلایەنە و بە بێ ئەوەی راوێژ لەگەڵ حکومەتی هەرێم بکرێت، یان لە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵەوە دەنگی لەسەر درابێت بۆ ئەنجومەنی نوێنەران نێردراوە، كە ئەم پێشنیارە لەهەمانکاتدا دژی بڕیاری پێشووی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵیشە تایبەت بە هەموارکردنەوەی پڕۆژە یاسای بودجە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان".

ئەوەشی وت، "ئەم هەوڵانە زیان بە هەموو عێراق دەگەیەنن و کێشەکان قووڵتر دەکەنەوە و خزمەت بە چارەسەرکردنی پرسەکان ناکات. بۆیە ئێمە ئەو هەوڵ و پێشنیارانە، بە هەموو شێوەیەک ڕەتدەکەینەوە و دژی دەوەستین. بۆیە دەبێت ئەو پێشنیارەی لەسەر ڕێککەوتووین بخرێتە دەنگدانەوە".


PM:04:45:23/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 5008 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت