نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا کرد


وێستگەنیوز_ 

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا کرد، ئەویش سه‌رساميى خۆى به‌ پرۆسه‌ى ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانی كوردستان دەربڕی.
 
ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌، 23ـی 1ـی 2025 نێچيرڤان بارزانى، پێشوازیی له‌ تۆبیاس لیندنەر، وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا و رێکخەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ کاروباری سووریا و شاندێكى ياوه‌رى كرد.
 
لە راگەیەندراوێکدا سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە دەڵێت: "بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌ڵمانيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان و دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، گۆڕانكارييه‌كانى سووريا و دوايين پێشهاته‌كانى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، تاوتوێ كران."
 
نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پێزانينى بۆ هاوكارى و پشتگيريى به‌رده‌وامى ئه‌ڵمانيا له‌ بواره‌كانى سه‌ربازى، سياسى و مرۆييدا بۆ‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى‌، هه‌روه‌ها "جه‌ختى له‌ خواستى هه‌رێمى كوردستان بۆ فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانيا له‌ هه‌موو بواره‌كاندا كرده‌وه‌."
 
ئاماژە بەوەشکراوە، "د. تۆبیاس لیندنەر سه‌رساميى خۆى به‌ پرۆسه‌ى ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانی كوردستان و رێژه‌ى به‌رزى به‌شداريى هاوڵاتيان له‌ هه‌ڵبژاردندا ده‌ربڕى، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى هه‌وڵه‌كانى پێكهێنانى كابينه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ نێچيرڤان بارزانى، بيروڕاى گۆڕييه‌وه‌."
 
ده‌رباره‌ى دۆخى ناوچه‌كه‌ش، "هه‌ردوولا داكۆكييان له‌ گرنگيى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى و هاريكاريى هه‌موو لايه‌ك بۆ دوورخستنه‌وه‌ى ناوچه‌كه‌ له‌ ئاڵۆزيى زياتر كرده‌وه‌."


PM:12:17:23/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 1760 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت