پەیامێکی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوریا به‌ زمانی كوردی مشتومڕێكی‌ زۆری‌ لێده‌كه‌وێته‌وه‌

‌ئه‌سعه‌د ئه‌لشه‌یبانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوریا

وێستگه‌نیوز-
هه‌رچه‌نده‌ تا ئێٍستا پرسی "كورده‌كان" له‌ سوریا به‌ هه‌ستیاری ماوه‌ته‌وه‌، به‌تایبه‌تی كه‌ هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) ره‌تیانكردووه‌ته‌وه‌ چه‌كه‌كانیان دابنێن، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئیداره‌ی نوێی سوریا رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت هه‌موو گرووپه‌ چه‌كداره‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ده‌وڵه‌ت هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌، ئه‌سعه‌د ئه‌لشه‌یبانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی‌ سوریا په‌یامێكی دڵنیاكردنه‌وه‌ی‌ راگه‌یاند.

له‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی‌ نیازپاكیدا كه‌ په‌یامی ئه‌رێنی بۆ كورده‌كان له‌و وڵاته‌دا تیادایه‌، دوێنێ سێشه‌ممه‌، ئه‌لشه‌یبانی له‌ هه‌ژماری خۆی له‌ پلاتفۆرمی ئێكس، جه‌ختی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "كورد جوانی و فره‌چه‌شنی بۆ كۆمه‌ڵگای سوری زیاد ده‌كات”.

هاوكات به‌ زمانی‌ كوردی‌ نووسیویه‌تی‌: "كۆمه‌ڵگای كوردی له‌ سه‌رده‌می رژێمی پێشوودا زوڵمی‌ لێكراوه‌" وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك به‌ سه‌رده‌می به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆك كۆماری پێشووی سوریا.




هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌ سه‌ر پێویستی بنیاتنانی وڵاتێك له‌ لایه‌ن هه‌موو پێكهاته‌كانی‌ سوریا كرده‌وه‌، كه‌ هه‌مووان تیایدا هه‌ست به‌ یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ری بكه‌ن.

ده‌ریایه‌ك له‌ كۆمێنت

سورییه‌كان كۆمێنتیان له‌سه‌ر تویته‌كه‌ داوه‌ و ستایشی ئه‌و ئاماژه‌یه‌ی وه‌زیره‌كه‌یان كردووه‌.

هه‌ندێك له‌ شرۆڤه‌كاران پێیانوایه‌ كه‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجاره‌ لە ماوه‌ی ده‌یان ساڵدا وه‌زیرێك به‌ زمانی‌ كوردی بنووسێت.

هه‌روه‌ها هه‌ندێك له‌ شرۆڤه‌كارانی كوردی سوری پێیانوایه‌ كه‌ "ئاخاوتن به‌ زمانی كوردی، ئه‌گه‌ر ڕه‌مزیش بێت، واتای‌ زۆری‌ هه‌یه‌".

له‌ كاتێكدا هه‌ندێكی تر، ئه‌گه‌رچی كه‌م بوون، پێیانوایه‌ كه‌ ئه‌م ئاماژه‌یه‌ سه‌رنه‌كه‌وتووه‌ و بڕی ئه‌و چه‌كانه‌ی له‌ ده‌ستی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات و ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ له‌ باكوور و باكوری رۆژهه‌ڵاتی سوریا كۆنتڕۆڵیان كردووه‌، وه‌بیر هێنایه‌وه‌.

هه‌سه‌ده‌ كه‌ ترسی له‌ هێرشه‌كانی توركیا هه‌یه‌، له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا چه‌ندین جار به‌ ڕوونی ئه‌وه‌ی ڕاگه‌یاندووه‌ كه‌ تا بیرۆكه‌ی حوكمڕانی و ده‌ستووری نوێ له‌و وڵاته‌دا روون نه‌بێته‌وه‌، چه‌كه‌كانیان راده‌ست ناكه‌ن، به‌ڵام ئاماده‌ییان بۆ تێكه‌ڵبوون به‌ سوپا، به‌هه‌ندێك مه‌رج ده‌ربڕیوه‌.

پێكهاته‌ی كوردی سوریا له‌ سه‌رده‌می حوكمڕانی ئه‌سه‌دی كوڕ و باوكیش به‌هه‌مان شێوه‌ (به‌شار و حافز ئه‌سه‌د) پێشێلكاری زۆریان به‌رامبه‌ر كرا، به‌و پێیه‌ی خوێندنی‌ زمانی كوردی له‌ قوتابخانه‌كان قه‌ده‌غه‌ بوو، و تاڕاده‌یه‌كی زۆریش دانانیان له‌ پۆسته‌ باڵاكان یان به‌شداریكردن له‌ ناوه‌نده‌كانی بڕیاردان قه‌ده‌غه‌ بووه‌.

هه‌روه‌ها ئه‌و مه‌ركه‌زیه‌ته‌ خنكێنه‌ره‌ی‌ په‌یڕه‌وده‌كرا، زۆرێك له‌ مامه‌ڵه‌ فه‌رمییه‌كانی ڕۆژانه‌ی بۆ توێژێكی گه‌وره‌ی كورد و سورییه‌كان به‌ گشتی قورس كرد.

بۆیه‌ ئه‌م پێكهاته‌ داوای به‌شداریكردنی‌ راسته‌قینه‌ له‌ حوكمڕانی و نوێنه‌رایه‌تیكردن له‌ حكومه‌ت و سوپای نوێدا ده‌كه‌ن و داواكارن لامه‌ركه‌زیه‌ت په‌سه‌ند بكرێت و ده‌سته‌واژه‌ی‌ "عه‌ره‌بی” له‌ ناوی "كۆماری عه‌ره‌بی سوریا” لاببرێت.




PM:05:04:22/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 4444 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو