وێستگەنیوز_
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی بۆ جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو دەرکرد، بەپێی بڕیارەکان هەر فەرمانبەرێک تەمەنی ببێتە 60 ساڵ خانەنشین دەکرێت جگە لە چەند چین و توێژێک.
بەپێ بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی، ئەو کەسانەی لە تەمەنی 60 ساڵیدا خانەنشین ناکرێن بریتین لە مامۆستایانی زانکۆ بە پلەی پڕۆفیسۆر یان پڕۆفیسۆری یاریدەدەر، پزیشکانی دادوەری، پزیشکانی سڕکردن، پزیشکانی دەروونی، راوێژکاران و راوێژکارانی یاریدەدەر لە ئەنجوومەنی شورای هەرێمی کوردستان، فڕۆکەوانانی مەدەنی کە کاردەکەن وەکو کاپتنی فڕۆکە بە شێوەی کرداری و لەکاتی خۆیدا مۆڵەتی کارکردنیان هەیە.
بەپێی خاڵی سێیەمی نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی، تەمەنی خانەنشینیی یاسایی بۆ بەشێک لە فەرمانبەران دەبێت بە 65 ساڵ، کە بریتین لە:
1- ئەو فەرمانبەرەی بەپێی حوکمەکانی یاسای فەسڵکراوانی سیاسی ئیتیحادی ژمارە 24ی ساڵی 2005ی هەموارکراو گەڕێندراونەتەوە بۆسەر راژە لەسەر میلاکی حکومەتی ئیتیحادی و، دواتر گواستنەوەی راژەیان بۆ کراوە بۆسەر میلاکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
2- ئەو فەرمانبەرەی کەسوکاری پلە یەک و پلە دووی ئەو شەهیدانەن، کە یاسای ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوەکان لە هەرێمی کوردستان - عێراق ژمارە 9ی ساڵی 2007ی هەموارکراوە، دەیگرێتەوە.
3- ئەو فەرمانبەرەی یاسای ئیمتیازاتی زیندانیکراوە و راگیراوی سیاسیی کوردستانی ژمارە 11ی ساڵی 2011ی هەموارکراو دەیگرێتەوە.
سەبارەت بەو فەرمانبەرانەی خۆیان داوای خانەنشینبوون دەکەن، لە نووسراوەکەدا هاتووە، دەبێت فەرمانبەر تەمەنی 45 ساڵ بێت و 15 ساڵ خزمەتی هەبێت و پێش 03-07-2024 مامەڵەی خانەنشینبوونی کردبێت، بەڵام لە ئێستا بەدواوە یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ژمارە 9ی ساڵی 2014 پیادە دەکرێت و پێویستە فەرمانبەر تەمەنی 50 ساڵ بێت و 25 ساڵ خزمەتی هەبێت.
وەزارەتی دارایی دەشڵێت، پێویستە ئەو فەرمانبەرانەی تەمەنی یاسایی خانەنشینییان هاتووە، دەست لەکارترازاندنیان بۆ بکرێت و بە پێچەوانەوە، ئەو ماوەیەی لەدوای تەمەنی خانەنشینبوون لە کار بەردەوام دەبن، بۆ هیچ مەبەستێک هەژمار ناکرێت و هەموو ئەو مووچە و دەرماڵەی بۆی خەرجکراوە لێی وەردەگیرێتەوە، فەرمانبەری تایبەتمەندیش رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەکرێتەوە.
"ئەو فەرمانبەرەی هەواڵەی خانەنشینبوون دەکرێت، هەموو ئەو ماف و شایستانەی دەبێت کە یاسای خانەنشینی یەکگرتوو، ژمارە 9ی ساڵی 2014ی هەموارکراو پێی دەدات، ئەگەر هاتوو مەرجە یاساییەکانی شایستەبوونی تێدابێت،" ئەمەش بەپێی نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی.
PM:02:42:22/01/2025
ئهم بابهته 4012
جار خوێنراوهتهوه