79 ساڵ لەمەوبەر لە رۆژێکی وەک ئەمرۆدا کۆماری کوردستان راگەیەندرا
وێستگەنیوز_ هێڤار هیوا
ئەمڕۆ چوارشەممە 22ـی کانوونی دووەمی 2025، یادی 79 ساڵەی دامەزراندنی کۆماری کوردستانە لە مەهاباد. کۆمارێک، ئەگەرچی تەمەنی تەنیا 11 مانگ بوو، بەڵام خاوەنی سروودی نیشتمانیی ئەی ڕەقیب و ئاڵای کوردستان و ناوی پێشمەرگەیە.
بە سەرۆکایەتیی پێشەوا قازی محەممەد، کۆماری کوردستان لە رۆژی 22ـی کانوونی دووەمی ساڵی 1946ـی زایینی بەرامبەر بە 2ی رێبەندانی 1325ی هەتاوی، لە گۆڕەپانی چوارچرای مهاباد و بە بەشداریی زیاتر لە 20 هەزار کەس لە نوێنەرانی هەموو چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان، یەکەمین کۆماری کوردستان لە مەهاباد ڕاگەیەندرا.
کۆمارەکە کۆمەڵێک دەستکەوتی گرنگی پێشکەش بە کوردستان کرد لەوانە، ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە سەردەمی کۆماری کوردستان، پێکھێنانی سوپای میللی و ناوی پێشمەرگە بۆ یەکەمجار لە مێژووی کوردا، بایەخدان بە زمانی کوردی و دامەزراندنی چاپخانە و بڵاوکردنەوەی کتێب و پەرتووک و رۆژنامە و پەوەردە و قوتابخانە بە زمانی کوردی؛ و بایەخدان بە پرسی ژنان و دامەزراندنی ڕێکخراوی تایبەت بە ژنان و هاندانیان بۆ ئەوەی بچنە بەر خوێندن.
جیا لە دامەزراندنی حوکمڕانی لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی کۆماری کوردستان، لەم ماوەی 11 مانگەدا، خوێندن و پەروەردە کرایە کوردی، چاپخانە هێنرایە مهاباد و رۆژنامەیەک و چوار گۆڤار و یەک لەوانیش گۆڤاری گڕوگاڵی منداڵان چاپ و بڵاکرایەوە، شیعر و چیرۆک و ئەدەبیاتی کوردی برەوی پێدرا، بۆ یەکەمجار شانۆنامەی دایکی نیشتمانی بە زمانی کوردی نمایش کرا، رادیۆ لە مهاباد دامەزرا.
دواتر لەشکری میللیی کوردستان دامەزرا کە ناوی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی لێنرا و ئەم ناوە تائێستاش لە ناو کورددا وەک ناوێکی پیرۆز ماوەتەوە.
مارشی ئەی رەقیب کرایە سروودی نەتەوەیی و ئاڵای کوردستان دەستنیشان کرا و لەسەر دامودەزگاکانی حکومەت هەڵدرا. پاشان، پەیوەندیی سیاسی و ئابووری لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیەت و کۆماری ئازەربایجان ڕێکخرا و بەرهەمی کشتوکاڵیی کوردستان هەناردەی سۆڤیەت کرا، بۆ دابینکردنی بوودجەی حکومەتیش سیستەمی باج لەسەر داهاتی هاوڵاتییان پەیڕەو کرا.
ئەوەی جێگەی سەرنجی ئەوکات بوو، لە کۆماری کوردستاندا، کوردی پارچەکانی دیکەی کوردستانیش بەشداری کارایان هەبوو، وەک بارزانییەکان و پێشمەرگەکانی باشووری کوردستان، کە خۆی لە خۆیدا ببووە هەوێنی پێکەوەیی و تەبایی نێوان هەموو کورد.
ئامانجەکانی کۆماری کوردستان:
1 – ئۆتۆنۆمی بۆ کوردەکانی ئێران لە چوارچێوەی دەوڵەتی ئێراندا.
2 – زمانی کوردی بکرێتە زمانی راگەیاندن و خوێندن و ئیدارە.
3 – ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزەری بۆ کوردستان، بە مەبەستی چاودێری دەوڵەت و بابەتە کۆمەڵایەتییەکان.
4 – ھەموو بەرپرسەکان لە خەڵکی ناوچەکە ھەڵبژێردرێن.
5 – یەکێتی و برایەتی لەگەڵ خەڵکی ئازەربایجان.
6 – یاسایەک ھەبێت بە یەک چەشن مامەڵەی کرێکار و کەسایەتییە باڵاکان بکات.
دوای 11 مانگ تەمەنی پڕ دەستکەوتی کۆماری کوردستان لە 26ی ئازاری 1947، بەھۆی گوشاری ھێزە رۆژئاواییەکان، بۆ نموونە ئەمریکا، سۆڤیەت پەیمانی بە حکوومەتی ئێرانی دا کە لە باکووری ئێران دەکشێتەوە. لە مانگی حوزەیراندا، ئێران دەستی گرتەوە بەسەر ئازەربایجاندا. ئەمە بووە ھۆی دابڕانی کۆماری کوردستان لە سۆڤیەت و دواجار بووە ھۆی داڕمانی. لەم خاڵەدا، پشتگیرییەکان بۆ قازی محەمەد لە کەمبوونەوەدا بوون، بە تایبەتی لە نێوان خێڵە کوردەکاندا کە لە سەرەتادا پشتگیرییان لێ دەکرد. بەرھەم و سەرچاوەی داراییان نەما و شێوازی ژیانیان بەھۆی دابڕانەکەوە بەرەو سەختی چوو. یارمەتی دارایی و سەربازی لە سۆڤیەتەوە نەما و خێڵەکان ھیچ ھۆکارێکیان بۆ پشتگیریکردنی قازی محەمەد نەدەبینییەوە. زۆرێک لە خێڵەکان قازییان بە جێدەھێشت.
پاش هیرشی بۆسەر ئازەربایجان، سوپای ئێران بەوپەڕی دڕندەییەوە ھێرشی کردە سەر شاری مەهاباد. لە 5ی کانوونی یەکەم، ئەنجوومەنی شەڕ بە قازی محەمەدیان راگەیاند، کە ڕێگە لە ھەر پەلامارێکی سوپای ئێران دەگرن کە بکرێتە سەر ناوچەکە. لە 15ی کانوونی یەکەم، سوپای ئێران ھاتە ناوچەکە و دەستی بەسەر مەھاباددا گرت. لەگەڵ ھاتنیان، چاپخانەی کوردییان داخست، فێرکردنیان بە زمانی کوردی قەدەغە کرد، ھەر کتێبێکی کوردییان بدۆزیایەتەوە دەیانسووتاند. قازی وەک سەرکۆمار دەستوور دەدات ھەتا دەکرێ لە شەڕ خۆ بپارێزن، چون ماڵوێرانیی پێوەیە. ئەگەرچی لە پێناو وڵات ھەموان تێدەکۆشن، بەڵام بە ھۆی جووڵانەوەی سەرنجڕاکێشی ھێزەکانی سۆڤیەت، زۆر بە خێرایی، لە ماوەی چەند ڕۆژدا کوردستانی رۆژھەڵات داگیرکرا.
قازی دەیزانی کە بە زوویی کۆمار دەڕووخێت، لە نێوان شەڕ، یا خۆبەدەستەوەدان، وەک بەرپرسیارێکی گیانی خەڵک، بۆ بەرگری لە کوشتن و وێرانکردن، وەک قارەمانێکی نەتەوەیی خۆ بە دەستەوە دەدات. ھەڵبەت سەبارەت بەوە، ڕەخنە دەگرن، کە ئایا ئەگەر قازی لەگەڵ مەلا مستەفا بڕۆیشتایە، دواتر نەیدەتوانی قازانجی زیاتر بێت بۆ گەلەکەی؟ بەڵام لە کاتی ماڵئاوایی لەگەڵ مەلا مستەفا، قازی ئاڵای کوردستان دەسپێرێ بە مەلا مستەفا بارزانی و، وەک جوابی ئەو پرسیارە دەڵێت: من خۆم فیدای خەڵکی دەکەم و ھیچکات وەک پیشەوەری و سەرانی ئازەربایجان ناکەم، تا وڵاتەکەم لە خوێندا شەلاڵ بێت و ھەزاران کەس بە کوشت بچن.
دواجار پاش دادگایەکی نادادپەروەرانەی سەربازی و بێ پارێزەر، لەلایەن ئەفسەرانی سوپای ئێرانەوە، لە بەرەبەیانی 30ـی ئاداری 1947، قازی محەمەد و سەدر و سەیفی قازی بە تۆمەتی خیانەت لە دەوڵەتی ئێران، ھەر لە مەیدانی چوارچرای مەھاباد، ئەو شوێنەی کە کۆماری تێدا راگەیەندرا، لە سێدارە دران.
PM:12:44:22/01/2025
ئهم بابهته 288
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت