وەزارەتی خوێندنی باڵا پرۆژەی سەربەخۆیی زانکۆکان جێبەجێدەکات
وێستگەنیوز_
لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەڵێت، کاردەکەن بۆ ئامادەکردن و نوسینەوەى پرۆژەى رەشنوسى سەربەخۆى زانستى، کارگێڕى، دارایی، زانکۆکانى کوردستان، لەو چوارچێوەیەشدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پرۆژەیەک بۆ ئەم پرسە دەخاتەڕوو.
ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتى 1ـی 21ـی 2025، بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، لێژنەى تایبەت بە ئامادەکردن و نوسینەوەى ڕەشنوسی پرۆژەى سەربەخۆى (زانستى، کارگێڕى، دارایی) زانکۆ و دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا لە کوردستان کۆبووەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە دەستپێکدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئامانجى سەرەکى پرۆژەکەى خستەڕوو کە بریتیە لە رەخساندنى زەمینەى زیاتر بۆ سەربەخۆى زانکۆکان و فەراهەمکردنی دەرفەتی زیاتری داهێنان و نایابی ئەکادیمی و فراوانکردنی مەودای کاریگەرییە زانستی و ئابووری و کلتووری و کۆمەڵایەتیەکانی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا. بۆ ئەمەش وەزیرى خوێندنى باڵا دەڵێت: بۆ بەردەوامیدان بە پرۆژەکان و پێشخستنى ئاستى زانکۆکانمان لەسەر ئاستى ناوخۆ و نێودەوڵەتى، بەدیدێکى نوێ و پرۆژەى تازە بەردەوامى دەدەین بە سەربەخۆیى زانستى و دارایى و کارگێڕى زانکۆکان، بۆ ئەمەش وەزارەت هاوکار و هەماهەنگى زانکۆکان دەبێت بۆ گەڵاڵەکردنی پرۆژەکەو داڕشتنی نەخشەڕێگەی جێبەجێکردنى.
د. ئارام محمد قادر راشیگەیاندووە: دەبێت زانکۆکان هاوکار بن بۆ دەوڵەمەندکردنی پرۆژەکەو دواتریش پێکەوە کار بکەین بۆ دروستکردنى زەمینەى جێبەجێکردنى لەگەڵ هاوبەشەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ئەنجومەنى وەزیران و پەرلەمانی کوردستان و دواتریش کار بۆ ڕێکخستنەوەو هەموارکردنەوەى سەرجەم ئەو یاساو ڕێنماییانە بکەین کە پانتایی سەربەخۆىى زانکۆکانى کوردستان فراوانتر دەکات.
دوپاتیشیکردەوە، تاوەکو زانکۆکانمان ئازاد و سەربەخۆ نەبن لەگشت بوارەکاندا، تاک و کۆمەڵگەکەشمان ئازادو سەربەخۆ نابێت، بۆیە بەهەموو شێوەیەک کار دەکەین بۆ ئەوەی زانکۆکانمان دووربن لە هەموو جۆرە دەستێوەردانێک.
PM:11:27:21/01/2025
ئهم بابهته 3156
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت