یەکێتیی: هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری زەوتکردنی زەوی و زارەکان چەسپاندنی دادپەروەری و سەلماندنی مافی خەڵکە


وێستگەنیوز_

دوای ئەوەی ئەمڕۆ سێشەممە لە پەرلەمانی عێراق دەنگدرا بە یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی 'مەجلسی قیادەی سەورەی هەڵوەشاوە' کە پەنجا ساڵە لەسەردەمی رژێمی پێشووی بەعسدا زەوی و زاری کوردەکان داگیرکراوە، مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە.

مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی لە پەیامێکی پیرۆزبایدا دەڵێت "پیرۆزبایی لە خەڵکی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان، بەتایبەتی جوتیارانی کورد و تورکمان دەکات کە دوای نزیکەی پەنجا ساڵ لە داگیرکردنی زەویوزاریان لەسەردەمی رژێمی پێشووی بەعسدا، ئەمرۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە دەنگدان لەسەر یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی مەجلسی قیادەی سەورەی هەڵوەشاوە، مافی بۆ گەڕاندنەوە و وەکو خاوەنی رەسەنی ئەو موڵک و خاکە ئینسافی کردن".

ئاماژە بەوەشکراوە، "بەم بۆنەیەشەوە دەستخۆشی لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران و فراکسیۆنەکانی دەنگیان لەسەر ئەم یاسایە دا دەکەین کە بەو پەڕی بەرپرسیاریی و گیانی نیشتمانییەوە لەگەڵ ئەم دۆسێ هەستیارەی مافی هاونیشتمانیانی وڵاتەکەماندا هەڵسوکەوتیان کرد.

لە پەیامەکەدا ئەوەش هاتووە، "هەر وەک پیرۆزبایی و دەستخۆشیش لە یەکدەستی فراکۆسیۆنە کوردستانییەکان و بەتایبەتیش کۆششی فراکسیۆنی سەوز و تیمی یەکێتی لە بەغدا دەکەین کە هەوڵی بێوچانیان بۆ کۆدەنگی لەسەر ئەم پرسە خستەگەڕ".

هەروەها یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێیوایە، هەڵوەشانەوەی بڕیارەکانی زەوتکردنی زەویزاری خەڵک لە کەرکوک و هەر شوێنێکی تری ناوچە دابڕاوەکان چەسپاندنی دادپەروەری و سەلماندنی مافی خەڵکە کە سەرەنجام ژینگەی پێکەوەژیانی هاوڵاتییان و رێگای ئاشتەوایی نێوان پێکهاتەکان لە عیراقی نوێ ئاوەدانتر دەکات.


PM:09:58:21/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 840 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو