قوباد تاڵەبانی: پەسەندکردنی ئەم یاسایە بەرهەمی چەند ساڵەی هەوڵ و پێکەوە کارکردنی لایەنە کوردستانییەکانە


وێستگەنیوز_

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی پەسەندکردنی "پڕۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی بەعس" پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "گەڕانەوەی ماف بۆ خاوەن ماف رەنگە درەنگ بکەوێت بەڵام دواجار هەر بەدی دێت." 

قوباد تاڵەبانی لە پەرەی فەرمی خۆی لە فەیسبووک دەڵێت: "بەبۆنەی پەسەندکردنی "پڕۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی بەعسی هەڵوەشاوە" کە تایبەتە بە گەڕاندنەوەی زەوی و زار بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی خەڵکی کوردستان و بە تایبەت دانیشتوانی کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەکەم و سوپاسی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانتارانی سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان و هەموو ئەو پەرلەمانتار و لایەنانە دەکەم کە رۆڵیان بینیوە لە پەسندکردنی ئەم یاسایەدا."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "پەسندکردنی ئەم یاسایە بەرهەمی چەندین ساڵ هەوڵ و پێداگری و پێکەوەکارکردنی لایەنە کوردستانییەکانە لەپێناو چەسپاندنی دادپەروەری. ئەم سەرکەوتنەش جارێکی دیکە وەبیری هەموو لایەکمان دەخاتەوە کە لە پرسە نیشتمانییەکاندا و بۆ بەدیهێنانی ئامانج و داواکارییەکانی خەڵکی کوردستان دەبێت نوێنەرانی کورد و لایەنە کوردستانییەکان لە بەغدا هەمیشە یەکڕیز و یەکدەنگ بن و بەبێ پێکەوەکارکردن و یەکڕیزی ناتوانین خواست و داواکارییە رەواکانی گەلەکەمان بەدیبهێنین."

جێگری سەرۆکی حکومەت دەڵێت: "هێشتا زۆر داواکاری دەستوری دیکەی خەڵکی کوردستان جێبەجێ نەکراوە، ئێمە هیوادارین ئەم هەنگاوەی ئەمڕۆ دەستپێکی قۆناغێکی نوێ بێت و هاندەربێت بۆ پێکەوەکارکردنی زیاتری نوێنەرانی کورد بۆ جێبەجێکردن و دابینکردنی هەموو مافە دەستورییەکانی دیکە." 

هەروەها پێی وایە، کارکردنی لایەنە سیاسییە عێراقییەکان لە پێکهاتەکانی دیکە "بۆ چەسپاندنی دادپەرەوەری و نەهێشتنی ستەم متمانەی نێوان پێکهاتەکان بەهێزتر دەکات و دەرگا بەڕووی پێکەوەکارکردنی زیاتر بەرەو سەقامگیری و گەشەپێدانی عێراق دەکاتەوە."


PM:09:53:21/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 768 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو