ناوەندی هەواڵگری فیدراسیۆنی پەنابەران: بەدواداچوون بۆ کەیسی ونبوونی شڤان محەممەد درێژەی هەیە
وێستگەنیوز_
ناوەندی هەواڵگری فیدراسیۆنی پەنابەران رایدەگەیەنێت، بەدواداچوون بۆ کەیسی وون بوونی شڤان محەممەد درێژەی هەیە.
لە راگەیەندراوێکدا ناوەندی هەواڵگری فیدراسیۆنی پەنابەران دەڵێت: کەسوکاری شڤان محەممەد مەحموود، کە هاوڵاتی شاری سلێمانییە بەناوەندی هەواڵگری فیدراسیۆنیان ڕاگەیاندووە، "شڤان لەڕێکەوتی 22ـی 7ـی 2024، لە ئەستەمبوڵ لەگەڵ نۆ کەسی تر کە ژنێك و دوو منداڵ و چوار پیاو و دوو ڕێبەڕی سووری بوون؛ لە سنووری تورکیا لە ناوچەی ئدرنە نزیك کۆفچاز-کرکلەریلی لە سەروو مالکۆچلار بەڕێدەکەون بۆ بولگاریا. دواتر تەلبەندی سنوورەکە دەبڕن و دەچنە ناو خاکی بولگاریا، لەلایەن پۆلیسی بولگارییەوە دەستگیر دەکرێن وە مۆبایلەکانیان لێ دەسەنن و دیپۆرتی خاکی تورکیایان دەکەنەوە".
کەسوکاری ئەوەشیان وتوە: لە بەری تورکیا شڤان ناتوانێت بڕوات، ئەو کەسانەی لەگەڵی دەبن بە جێیدەهێڵن. ئەوانەی لە گەڵیدابوون دەڵێن "یەك دەبە ئاومان بۆ جێهێشتووە هەر ئەوەمان پێ بووە، زۆر یارمەتیمان داوە پێشتر، ئێمەش لە ڕووی جەستەیی و دەروونییەوە ماندوو بووین؛ زۆر برسی و تینوو بووین، نەمان توانی بیهێنین لەگەڵ خۆمان بۆیە لەویا بەجێمانهێشت. ئەو شوێنەش شڤانی لێبووە جاددەیەکی گڵە و کامێرەی چاودێری لێبووە، پاسەوانی سنووری تورکیا هاتووچۆی پیا ئەکەن و ڕۆژانە پشکنین و گەڕانیان هەیە لەو دەوروبەرە".
کەسوکاریان دەڵێن: "باوکی شڤان و مامێکی، بە مەبەستی گەڕان بۆ سۆراخی شڤان چووینە تورکیا زۆر شوێن گەڕاوین وەك کەمپی پەنابەریەکان، نەخۆشخانەکان و مەیتەمی ئەو ناوچەیە، وەك ئەدرنە کرکلارەلی، قەزای پاڵەوانکۆی مەرکەزی جەندرمە... ئیدارەی کۆچبەری بینکیلیچ، ئیدارەی کۆچبەری پارێزگای ئەدیرنە، سەنتەری گەڕانەوە بۆ وڵات وە هەروەها مخيم أدرنة للاجئين ئەمانە هەمووی گەڕاون ووتویانە کەس بەو ناوەوە لێرە نییە."
باوکی ئەوەشی داواکردوە کە "شڤان بە فەرمی چووەتە تورکیا، بە پەنجە مۆر بگەڕێن بۆمان یان بە وێنە بگەڕێن، وتوویانە بە وێنە نابێت خەڵکی زۆر لێیە ناتوانین ئەوە بکەین باوکی وتوویەتی: ئەگەر بە ناوێکی تر و نەتەوەیەکی جیاوازیشەوە خۆی ناساندبێت؛ بە پەنجەمۆری پاسپۆرتەکەی کە ڤیزەی وەرگرتووە هەر کەشف دەبێت بە پەنجەمۆر بگەڕێن، وتوویانە ئەوە لە ئەمنێت ئەکرێت بڕۆ لە ئەمنێت شکات بکەن".
ناوەندی هەواڵگری فیدراسیۆنی پەنابەران دەڵێت: سەبارەت بە هەوڵەکانی فیدراسیۆن پەیوەندیمان بە دەشتی جەمال، سکرتیری فیدراسیۆنەوە کردووە ئەویش باسی لەوە کردووە: "دوای ئەوەی لەسەر بێ سەروشوێن بوونی شڤان لەلایەن کەسوکاری ئاگادارکراینەوە، دەستبەجێ پەیوەندیمان بە کۆنسوڵخانە و بالیۆزخانەی عیراق لە تورکیا کردووە، لە ڕێگەی پەیوەندییەکانمانەوە بە پەنابەران و ژمارەیەك لە کەمپی پەنابەری تورکیا و بولگاریا پەیوەندیمان گرتووە، بۆ هەمان مەبەست بە ژمارەیەك پەرلەمانتاری عێراقی بۆ بەدواداچوونی چارەنووسی شڤان لە رێگەی حکومەتەوە. پاشان سەردانێکی کەسوکاریانمان کرد لە شاری سلێمانی بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر لە نزیکەوە. هاوکات، بە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لەندەن و پەیوەندییەکانی دەرەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر و ژمارەیەك لە بەرپرسی حکومی و تەواوی زانیارییەکانمان خستە بەردەمیان هەتا بە کەناڵی فەرمی خۆیان سۆراخی شڤان بکەن و چارەنووسی لە ڕێگەی حکومەتی تورکیاوە دیاریبکەن. هەروەها دوای ئەوەی هەواڵێکمان پێگەیشت کە ڕەنگە لە وڵاتی بولگاریا زیندانی کرابێت، بۆ ئەم مەبەستە لە رێگەی پەیوەندییەکانمان کە پێشتر لەسەر چەند کەیسی تری پەنابەران هەمانبووە، بالیۆزخانەی بولگاریامان ئاگادارکردەوە، ئەوانیش لەماوەی هەفتەیەکدا پێیان ڕاگەیاندین کە هیچ کەس بەو ناوە لە گرتووخانەکانی بولگاریادا نیە".
دەشتی جەمال ئەوەشی وتووە: "هەوڵەکانمان بەردەوامە، نامەمان ئاراستەی خاچی سوور و ژمارەیەك رێکخراو لە ناوخۆی تورکیا کردووە. لەسەر هێڵین لەگەڵ پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر، ئەوانیش ئاگاداریان کردووینەتەوە کە بە فەرمی داوایان ئاڕاستەی کونسوڵخانەی تورکیا کردووە لە هەولێر و چاوەروانی وەڵامن".
ناوەندی هەوڵگری فیدراسیۆن داوا لە "مرۆڤ دۆستان و ڕێکخراوی پەنابەری و هەموو ئەوانەی هاوسۆزن لەگەڵمان دەکەین بەشداری بکەن لەم هەڵمەتەدا بۆ دۆزینەوەی شڤان محەممەد و هەر هەواڵ و زانیارییەکتان دەستکەوت، پەیوەندی بکەن بە ئێمە و کەسوکارییەوە. هاوکاری و بە تەنگەوەهاتنتان ئەوپەری بەرز دەنرخێنین."
داواکارین هەر زانیاریەکتان دەستکەوت پەیوەندی بکەن بە سکرتاریەتی فیدراسیۆن بەژمارەی: ٠٠٤٤٧٧٢٠٢٩١٥١٦
باوکی شڤان بەژمارەی:
٠٠٩٦٤٧٧٠١٤٤٣٥٩٥
PM:03:49:19/01/2025
ئهم بابهته 2896
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت