سه‌رۆكی ته‌مه‌نی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان بانگهێشتی په‌رله‌مانتاران ده‌كات بۆ كۆبوونه‌وه‌


وێستگه‌نیوز-
محه‌مه‌د سلێمان، سه‌رۆكی ته‌مه‌نی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان بانگهێشتی په‌رله‌مانتاران ده‌كات بۆ كۆبوونه‌وه‌ له‌ ڕۆژی 22ی ئه‌م مانگه‌، هۆشداریش ده‌دات له‌وه‌ی گه‌ر فراكسیۆنه‌كان ئاماده‌نه‌بن، به‌رپرسیارێتی یاسایی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆیان.


له‌ نووسراوێكدا كه‌ ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی دیوانی په‌رله‌مانی كوردستان كراوه‌ ووێنه‌یه‌كی‌ ده‌ست وێستگه‌نیوز كه‌وتووه‌، محه‌مه‌د سلێمان كه‌ خۆی‌ وه‌ك سه‌رۆكی‌ كاتی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ناساندووه‌، داوای كردووه‌ بانگهێشتی په‌رله‌مانتاران بكرێت بۆ ته‌واوكردنی دانیشتنی یه‌كه‌می په‌رله‌مان بۆ هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان.
    
به‌گوێره‌ی‌ نووسراوه‌كه‌، سه‌رۆكی كاتی په‌رله‌مان ڕۆژی 22ی ئه‌م مانگه‌ی دیاریكردوه‌ بۆ به‌ڕێوه‌چونی په‌رله‌مان.
هاوكات هۆشداریش ده‌دات له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر دانیشتنه‌كه‌ رێكنه‌خرێت ئه‌وا به‌رپرسیارێتی یاسایی و هه‌ر لێكه‌وته‌یه‌كی دیكه‌ ده‌گرنه‌ ئه‌ستۆ كه‌ له‌ داهاتوودا رووده‌دات.

ئه‌مه‌ش دوای‌ ئه‌وه‌ دێت كه‌ شه‌وی‌ رابردوو شاسوار عه‌بدولواحید سه‌رۆكی‌ جوڵانه‌وه‌ی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ له‌ لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌نووسان رایگه‌یاند كه‌ "تا چوارشه‌ممه‌ی‌ داهاتوو په‌رله‌مانی‌ كوردستان كۆنه‌بێته‌وه‌، سه‌رۆكی‌ ته‌مه‌نی‌ په‌رله‌مان ده‌ست له‌كارده‌كێشێته‌وه‌ و ده‌بێته‌وه‌ به‌ په‌رله‌مانتارێكی‌ ئاسایی".

وتیشی‌: "كوشته‌ی‌ پۆست نین و به‌لامانه‌وه‌ گرنگ نییه‌. ئه‌گه‌ر بێڕێزی‌ و كاری‌ نایاسایی به‌رامبه‌ر په‌رله‌مان بكرێت به‌شێك نابین لێی‌".

2ی 12ی 2024 یه‌كه‌مین كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو، كه‌ تیایدا سه‌رۆكی كاتی په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرا و په‌رله‌مانتاران سوێندی یاساییان خوارد، به‌ڵام كۆبونه‌وه‌كه‌ به‌ كراوه‌یی هێڵرایه‌وه‌ و تائێستا به‌هۆی رێكنه‌كه‌وتنی لایه‌نه‌كان نه‌توانراوه‌ هیچ كۆبونه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ بكرێت.


PM:01:52:19/01/2025




ئه‌م بابه‌ته 2080 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو