مه‌زڵوم عه‌بدی‌: چه‌ك دانانێین


وێستگه‌نیوز-
مه‌زڵوم عه‌بدی فه‌رمانده‌ی گشتی‌ هێزه‌كانی سوریای دیموكرات "هه‌سه‌ده‌" دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ هێزه‌كانی بڕیاری چه‌كدانان و راده‌ستكردنی چه‌كه‌كانیان یان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خۆیان نه‌داوه‌، به‌ڵكو ده‌یانه‌وێت بچنه‌ ناو سوپای داهاتووی سوریاوه‌، هۆشداریشیدا له‌وه‌ی هه‌ر ڕێگایه‌كی تر جگه‌ له‌ دانوستان له‌سه‌ر پرسی تێكه‌ڵكردنی‌ هێزه‌كانیان له‌گه‌ڵ‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری كێشه‌ی گه‌وره‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه‌.


عه‌بدی له‌ چاوپێكه‌وتنێكی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی ئه‌لعه‌ره‌بیه‌- ئه‌لحه‌ده‌سی‌ سعودی‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ ئه‌وان بانگهێشت نه‌كرابوون بۆ كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كخستنی گرووپه‌ چه‌كداره‌كان له‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری و ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌حمه‌د شه‌رع سه‌رۆكی‌ ئیداره‌ی‌ نوێی‌ سوریا له‌گه‌ڵ گرووپه‌ چه‌كداره‌كان په‌یوه‌ندیی به‌وانه‌وه‌ نییه‌، چونكه‌ ئاماده‌ی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ نه‌بوون.

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ پێشنیازی پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی سه‌ربازی هاوبه‌شیان كردووه‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌پرسی یه‌كگرتنه‌وه‌ی هێزه‌كان و دژی بیرۆكه‌ی هه‌بوونی دوو سوپایه‌ له‌ سوریادا.

عه‌بدی‌ وتی‌: "په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د ئه‌لشه‌رع سه‌رۆكی ئیداره‌ی نوێی سوریا به‌ كردار دیاری ده‌كرێت نه‌ك به‌ قسه‌".

جه‌ختی‌ له‌وه‌شكرده‌وه‌ كه‌ بوونی‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ سوریا گرنگه‌ بۆ لێكنزیككردنه‌وه‌ی دیدگاكان، وتیشی‌: نه‌ به‌ئاشكراو نه‌به‌ نهێنی په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ ئێران نییه‌ و فرۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی پێنه‌داوین، ئه‌و هه‌واڵانه‌ دورن له‌راستیه‌وه‌ و پێویستمان به‌ فڕۆكه‌ی ئێران نییه‌".

راشیگه‌یاند كه‌ "به‌توانای خۆرسكی خۆمان فڕۆكه‌ی بێفرۆكه‌وان به‌رهه‌مده‌هێنین و توانای به‌رده‌وانه‌وه‌ی درۆنه‌ پێشكه‌وتووه‌كانی توركیامان هه‌یه‌".

شاندی هه‌سه‌ده‌ بۆ دیمه‌شق

ناوچه‌یه‌كی‌ به‌رفراوان له‌ باكور و ڕۆژهه‌ڵاتی سوریا له‌ژێر كۆنترۆڵی ئه‌و ئیداره‌ خۆسه‌ره‌دایه‌ كه‌ له‌دوای سه‌رهه‌ڵدانی ململانێكان له‌ سوریا له‌ ساڵی 2011 و كشانه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی حكومه‌ت لێیان، له‌لایه‌ن كورده‌كانه‌وه‌ دامه‌زرا.

ئه‌و كوردانه‌ی رووبه‌ڕووی داعش بوونه‌وه‌، دامه‌زراوه‌ی په‌روه‌رده‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سه‌ربازییان بنیات ناوه‌. به‌ درێژایی ساڵانی ململانێ، هه‌وڵی پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانیان ده‌دا، له‌ كاتێكدا حكومه‌تی پێشوو تۆمه‌تباری ده‌كردن به‌وه‌ی مه‌یلی "جیاخوازی"یان هه‌یه‌.

شاندێكی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات كه‌ بڕبڕه‌ی پشتیان شه‌ڕڤانانی كورده‌ و واشنتۆن پشتیوانی ده‌كات، له‌ 30ی كانونی یه‌كه‌مدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئیداره‌ی نوێی دیمه‌شق، ئه‌حمه‌د ئه‌لشه‌رع، له‌ یه‌كه‌م دانوستانی نێوان هه‌ردوولا له‌ دوای له‌سه‌ركارلابردنی‌ به‌شار ئه‌سه‌د له‌ سه‌ره‌تای مانگی‌ رابردوودا، كۆبوونه‌وه‌.

دوای رووخانی‌ رژێمه‌كه‌ی‌ ئه‌سه‌د و له‌ هه‌نگاوێكدا كه‌ واشنتۆن پێشوازیی لێكرد، كورده‌كانی سوریا ئاڵای نوێی‌ سوریایان به‌سه‌ر دامه‌زراوه‌كانیاندا به‌رزكرده‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن گرووپه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانه‌وه‌ په‌سه‌ندكرابوو، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌كی نیازپاكی به‌رامبه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵاتی نوێ.

بۆردومانی توركیا


دوابه‌دوای ئه‌و هێرشه‌ له‌ناكاوه‌ی ده‌سته‌ی‌ ته‌حریری شام به‌ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌لشه‌رع ده‌ستی پێكرد، كه‌ توانییان له‌ ماوه‌ی 11 ڕۆژدا بگه‌نه‌ دیمه‌شق، شه‌ڕڤانانی كورد كه‌وتنه‌ به‌ر ئه‌و هێرشانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن گرووپه‌ چه‌كداره‌ سورییه‌كانی‌ سه‌ر به‌ ئه‌نقه‌ره‌ له‌ باكوری سوریا ده‌ستیپێكرد و ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی كشانه‌وه‌ی ئه‌وان له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌ك.

ئه‌نقه‌ره‌ یه‌كینه‌ كوردییه‌كان به‌ درێژكراوه‌ی پارتی كرێكارانی كوردستان ده‌زانێت، كه‌ به‌ ڕێكخراوێكی "تیرۆریستی" پۆلێنی ده‌كات و ده‌یان ساڵه‌ له‌ دژی ده‌جه‌نگێت.

به‌وته‌ی‌ شرۆڤه‌كاران، توركیا هه‌وڵده‌دات كورد بخاته‌ پێگه‌یه‌كی لاوازه‌وه‌ له‌ سوریا له‌به‌ر ڕۆشنایی ڕووداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌.


AM:10:34:19/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 5012 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو