ئه‌ردۆغان: به‌مزووانه‌ هه‌نگاوی ریشه‌یی بۆ نه‌هێشتنی یه‌كینه‌ كوردییه‌كان له‌ سوریا ده‌گرینه‌به‌ر


وێستگه‌نیوز-
جارێكی‌ تر سه‌رۆك كۆماری‌ توركیا هه‌ڕه‌شه‌ له‌ كوردانی‌ رۆژئاوای‌ كوردستان ده‌كات و رایگه‌یاند كه‌ "به‌مزووانه‌ هه‌نگاوی ریشه‌یی بۆ نه‌هێشتنی (یه‌كینه‌كانی‌ پاراستنی‌ گه‌ل)ی كورده‌كان كه‌ سه‌ركردایه‌تی‌ هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) ده‌كات، ده‌گرنه‌به‌ر".


له‌ كاتێكدا سوپای‌ توركیا و گرووپه‌ چه‌كداره‌ سورییه‌كانی‌ هێرشه‌كانیان بۆسه‌ر میحوه‌ره‌كانی‌ هه‌سه‌ده‌ له‌ باكوور و رۆژئاوای‌ سوریا زیاتر كردووه‌ و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌ ده‌وروبه‌ری‌ به‌نداوی‌ تشرین به‌رده‌وامه‌، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكی‌ توركیا جه‌ختی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ بچووكترین لێبوورده‌ییان نابێت به‌رامبه‌ر (یه‌كینه‌كانی‌ پاراستنی‌ گه‌ل)ی كورده‌كان و ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ یه‌ك له‌سه‌ر سێی‌ خاكی‌ سوریایان داگیر كردووه‌.

ئه‌ردۆغان وتی‌: "توركیا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ پێشكه‌شكردنی‌ هاریكاری‌ پێویست بۆ گه‌لی‌ سوریا و ئامانجی‌ پاكتاوكردنی‌ سه‌رجه‌م رێكخراوه‌ تیرۆریسییه‌كانه‌ له‌ سوریا".

سه‌رۆك كۆماری‌ توركیا له‌ هه‌شته‌مین كۆنگره‌ی پارته‌كه‌یدا "پارتی‌ داد و گه‌شه‌پێدانی‌ فه‌رمانڕه‌وا" له‌ شاری‌ ئادانا باسی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ "توركیا له‌ سوریا و ناوچه‌كانی تری جیهان ئاماده‌یه‌ و له‌ نزیكه‌وه‌ به‌دواداچوون بۆ پێشهاته‌كان ده‌كات، له‌سه‌ر بنه‌مای دیدگایه‌كی ستراتیژی كه‌ هه‌وڵی گه‌یشتن به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ده‌دات".

وتیشی: "ئامانجمان ده‌سته‌به‌ركردنی ئاسایشی خۆمان و لابردنی ئاسته‌نگه‌كانی‌ به‌رده‌م یه‌كپارچه‌یی خاكی سوریای‌ دراوسێمان و یه‌كگرتوویی سیاسی و ئاشتی ناوخۆییه‌ و تا  تیرۆریسته‌ جوداخوازه‌كان كه‌ چه‌كیان هه‌ڵگرتووه‌ له‌ سوریا هه‌بن، هه‌ست به‌ ئارامی‌ ناكه‌ین".

راشیگه‌یاند كه‌ "یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌لی كورد (یه‌په‌گه‌) كه‌ سێیه‌كی خاكی سوریایان داگیركردووه‌ و به‌شێكی زۆری سامانه‌ سروشتییه‌كانی تاڵان ده‌كه‌ن، گه‌وره‌ترین به‌ربه‌ستن له‌به‌رده‌م ئاسایش و ئارامی له‌م وڵاته‌دا و له‌گه‌ڵ گۆڕانی كه‌شوهه‌وای نێوده‌وڵه‌تی، ئه‌و سیناریۆیانه‌ی كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا له‌لایه‌ن ئه‌م رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌وه‌ دانراون... ئیتر كاریگه‌ر نیین".


AM:09:10:19/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 1036 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت