د.مه‌حمود عوسمان: هه‌رێم كارتی به‌ده‌سته‌وه‌ نییه‌ بۆیه‌ عێراق گوێ به‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی نادات


وێستگه‌نیوز-
له‌كاتێكدا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڕه‌شه‌ی هه‌ڵوێست وه‌رگرتن به‌رامبه‌ر به‌ حكومه‌تی عێراق ده‌كات، به‌ڵام به‌شێك له‌ په‌رله‌مانتاران و سیاسه‌تمه‌داران پێیانوایه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان كارتی گرنگی له‌به‌رده‌ستدا نییه‌ تا له‌به‌رامبه‌ر عێراق به‌كاری بهێنێت.


د. مه‌حمود عوسمان، سیاسه‌تمه‌دارو ئه‌ندامی پێشووتری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای وت: "ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا ڕوون نین، هه‌ردوولا یه‌كتری تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن و ئاراسته‌ی سێیه‌میش له‌ناو هاوكێشه‌كه‌دا نییه‌ تا دۆخه‌كه‌ ڕوونبكاته‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ عێراق و لایه‌نه‌ شیعه‌كان نایانه‌وێت كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن، ده‌سه‌ڵاتیان لایه‌ و به‌ ئاره‌زووی خۆیان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كوردو سونه‌ ده‌كه‌ن".

وتیشی‌: "باسی كشانه‌وه‌ و به‌كارهێنانی كارت به‌رامبه‌ر به‌غدا ده‌كرێت له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه‌، به‌ڵام هیچ كارتێك نابینم و لایه‌نه‌ كوردییه‌كانیش یه‌كگرتوو نین، به‌غدا ده‌زانێت هه‌رێم كارتی به‌ده‌سته‌وه‌ نییه‌ بۆیه‌ زۆر گوێ به‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی نادات".

ڕۆژی 11 ی مانگی یه‌كی 2025، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نائاسایی سه‌باره‌ت به‌ ماف و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی كورد له‌نێو حكومه‌تی عێراق و نوێنه‌ری به‌شێك له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ نێو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ئه‌نجامدا.

ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌ نائاساییه‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی كورد له‌ به‌غدا له‌كاتێكدابوو، حكومه‌تی عێراق له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ به‌ پێنه‌دانی مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان تۆمه‌تبار ده‌كراو هه‌ڕه‌شه‌ی هه‌ڵوێست وه‌رگرتن ده‌كرا.

سه‌باره‌ت به‌و كارتانه‌ی به‌رامبه‌ر به‌غدا به‌ده‌ست هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ن، شوان محه‌مه‌د ئه‌ندامی‌ فراكسیۆنی‌ پارتی‌ ده‌ڵێ كه‌ "ڕۆژی چوارشه‌مه‌ی ڕابردوو به‌هۆی ناكۆكی نێوان شیعه‌و سونه‌ دانیشتنی په‌رله‌مان ئه‌نجام نه‌درا، وه‌كو فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان له‌ كافتریای په‌رله‌مان كۆبووینه‌وه‌، یه‌كێك له‌و خاڵانه‌ی گفتووگۆمان له‌سه‌ر كرد بایكۆت كردن و مان گرتن و په‌كخستنی ئیش و كاره‌كانی په‌رله‌مان بوو، چونكه‌ ناكرێت موچه‌خۆری هه‌رێم له‌و دۆخه‌دا بێت و هه‌ڵوێستی جدی وه‌رنه‌گرین."

وتیشی: "كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی ڕێگه‌نادات عێراقی نوێ میلله‌تی كورد برسی بكات له‌سه‌ر بنه‌مای درۆی وه‌زیرو وه‌زاره‌تێك، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی موچه‌ نانێرێت تۆمه‌تباریشت بكات، له‌كاتێكدا ژماره‌كان ڕوونن".


PM:07:40:18/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 1448 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو