مه‌ریوان قه‌ره‌نی‌: هیوادارین ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ی هاتۆته‌ پێشه‌وه‌، به‌ هه‌وڵی لابه‌لا له‌بار نه‌برێت


وێستگه‌نیوز-
مه‌ریوان قه‌ره‌نی‌ جێگری سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند كه‌ پاش دیداره‌كه‌ی سه‌رۆكی‌ پارتی‌ و فه‌رمانده‌ی‌ گشتی‌ هه‌سه‌ده‌ پێویسته‌ هه‌مووان پابه‌ندی یه‌كڕیزیی نێوماڵی كوردان بن، ده‌شڵێت: "هیوادارین ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ی هاتۆته‌ پێشه‌وه‌، به‌ هه‌وڵی لابه‌لا له‌بار نه‌برێت".


مه‌ریوان قه‌ره‌نی‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ده‌ڵێت: "دیداره‌كه‌ی نێوان جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی و به‌ڕێز مه‌زڵوم عه‌بدی، فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات، دیدارێكی گرنگ و ئومێدبه‌خشه‌ و جێی ئه‌وپه‌ڕی خۆشحاڵییه‌".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ "به‌ دڵنیاییه‌وه‌ كوردانی رۆژئاوای كوردستان هه‌ر كاتێك پێویستییان به‌ پشتیوانیی هه‌رێمی كوردستان بووبێت، سه‌رۆك بارزانی پێش هه‌موان ئاماده‌یی بۆ ئه‌و پشتیوانییه‌ ده‌ربڕیوه‌، هه‌روه‌ك له‌ كاتی هێرشه‌كه‌ی تیرۆریستانی داعش بۆ سه‌ر كۆبانێ، سه‌رۆك بارزانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانی به‌ نێو سنووری ده‌ستكردی سێ وڵاتدا تێپه‌ڕاند و بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی كۆبانێ نه‌كه‌وێ و سه‌ربكه‌وێت".

ده‌شڵێت: "گه‌لی كوردستان هه‌موو كاتێك پێویستییان به‌ یه‌كڕیزی هه‌یه‌، چونكه‌ دۆزی كورد له‌ ناوچه‌كه‌ به‌بێ یه‌كڕیزیی كوردان وه‌دی نایه‌ت".

جێگری سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی نووسیویه‌تی‌: "هیوادارین ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ی هاتۆته‌ پێشه‌وه‌، به‌ هه‌وڵی لابه‌لا و به‌(با)كردنی كۆنه‌ كا و حه‌زی خۆده‌رخستن و خۆجیاكردنه‌وه‌ی هیچ حزبێك له‌بار نه‌برێت و هه‌موان پابه‌ندی یه‌كڕیزیی نێوماڵی كورد بن و وه‌ك بیلبیله‌ی چاویان بیپارێزن".

هۆشداریشی‌ داوه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ "ناوچه‌كه‌ له‌به‌رده‌م گۆڕانكاری و كۆمه‌ڵێك ئه‌گه‌ری جیاوازه‌ و كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی زوڵملێكراو ئه‌گه‌ر بیه‌وێت له‌م دۆخه‌دا زه‌ره‌رمه‌ند نه‌بێت و مافه‌كانی خۆی وه‌ده‌ست بهێنێت، پێویسته‌ یه‌كڕیز بێت و له‌ژێر فه‌رمان و حیكمه‌ته‌كانی سه‌رۆك بارزانی، هه‌نگاو بۆ داهاتووی خۆی بنێت".

ڕۆژی 16ـی کانونی دووەمی 2025 مەزڵوم عەبدی  فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە بانگهێشتی فەرمی گەیشتە هەولێر و لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە و بە تەلەفۆنیش قسەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد.

بەپێی راگەیەندراوی بارەگای بارزانی ، لەم دیدارەدا بارودۆخی سوریا و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سوریا، هەروەها  چوارچێوەی  گشتیی مامەڵەکردنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ بارودۆخی تازەی سووریا و چۆنیەتیی گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سوریا تاوتوێ کرا.

هەر لەم دیدارەدا جەخت لەوە کراتەوە، پێویستە لایەنە کوردیەکانی سووریا بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنەک و بە ڕێکاری ئاشتیانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و لەپێناو زامنکردنی مافەکانیان بە یەکڕێزی و یەکهەڵوێستیی هاوبەش لەگەڵ حکومڕانانی تازەی سووریا بگەنە لێک تێگەیشتن و ڕێککەوتن و فاکتەری ئاشتی و سەقامگیری بن و ڕێگری بکەن لە دووبارەبوونەوەی ئەو نەهامەتیانەی بەسەر گەلی کورد و پێکهاتەکانی تری سوریادا هاتوون.


PM:02:26:18/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 668 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو