بارزانی دەبێتە نێوەندگیری تورکیا و رۆژئاوای کوردستان؟
وێستگەنیوز-
"مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە بە پشتیوانی ئەمەریکا دەیەوێت بێتە نێوەندگیری تورکیا و رۆژئاوای کوردستان و تا کۆتایی بە هێرشانە بێت کە ماوەیەکە لەلایەن تورکیا و گروپە چەکدارەکانی نزیک لە وڵاتەکەوە دەکرێنە سەر ناوچەکانى باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا".
کەناڵی العەرەبییە لە زاری فەرماندەیەکی هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە ئەم زانیارییەی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، ئەم پرسە تەوەری سەرەکی کۆبونەوە درێژەکەی نێوان مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات "هەسەدە" و مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی بووە و زۆرترین گفتوگۆی لەبارەوە کراوە.
دەروازەکەی بارزانی سێ دەروازە دەکاتەوە
بەپێی زانیارییەکانی ئەو میدیا عەرەبییە، ئەگەر بارزانی سەرکەوتوو بێت لە نێوەندگیری لە نێوان تورکیا و هێزەکانی هەسەدە، ئەگەری زۆرە 3 دەروازەی سنووری لە نێوان ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە و تورکیادا بکرێنەوە و ئاڵوگۆڕى بازرگانى نێوان بکرێتەوە.
هەنگاوێکی لەو شێوەیە دۆخی پەیوەندییەکانی رۆژئاوای کوردستان و تورکیا دەباتە قۆناغێکی نوێوەوە کاریگەری لەسەر بەهێزبوونی زیاتری پێگەی کورد لە سوریا دەبێت و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لە گەمارۆی بازرگانی لەلایەن تورکیاوە رزگارییان دەبێت و هۆکارێک دەبێت بۆ بوژاندنەوەی ناوچەکان.
کەناڵی ئەلعەرەبییە نووسیەتی، "پێدەچێت ئەمە ببێتە هۆی کشانەوەی چەکدارانی پەکەکە لە سوریا بۆ دوورخستنەوەی بیانووەکانى تورکیا لە ناوچەکە".
یەکخستنی لایەنە کوردییەکان
یەکخستنی لایەنە کوردییەکان دووەم گرنگترین تەوەری کۆبوونەوەکەی بارزانی و عەبدی بووە کە لە پیرمام ئەنجامدراوە و هەردوولا هاوڕابوون تا رۆڵ لە یەکخستنی لایەنەکان بگێڕن، بەڵام پێویستە یەکخستنی لایەنە جیاوازەکان پێش نووسینەوەى دەستوورێکی نوێ بێت لە سوریا.
بە گێڕانەوە فەرماندە سەربازییەکەی هەسەدە، مەسعود بارزانی بە باوەڕێکی پتوەوە جەختی لەسەر پێویستی بەدەستهێنانی مافی تەواو لە چوارچێوەی یەکێتی خاکی سوریادا بۆ کورد کردووەتەوە، بەمەرجێک هێزی سەربازییەکانیان بمێنێت.
بارزانی مێژوو دووبارە دەکاتەوە؟
مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە یەکێک لەو سەرکردە سیاسیانەی کورد دەناسرێت کە پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ ئەمەریکا و تورکیا هەیە.
بارزانی لە ساڵی ٢٠١٣ توانی "رۆڵێکی گرنگ" لە دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان بگێرێت.
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکیش بڵاویکردوونەتەوە، مەسعود بارزانی لە کۆبونەوەکدا پەکەکەی وەک "گرووپێکی چەکداری جوداخواز” ناوبردووە کە لەلایەن تورکیاوە وەک ڕێکخراوێکی "تیرۆریست”ی دەستنیشان کراوە و ئاماژەی بەوە کردووە، ئەگەر هەسەد لە پەکەکە جیابکرێتەوە دەتوانێت دەرگا بۆ پشتیوانیی نێودەوڵەتی فراوانتر بکاتەوە، بەتایبەتی لەڕێگەی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ئەمەریکا و تورکیا.
هەنگاوەکانی بارزانی ئاماژەیەکی نوێن بە ئاڕاستەی گۆڕانکاریی نوێ لە رۆژئاوای کوردستان، بەڵام تا ئێستا هیچ گرەنتییەک بۆ بە ئامانج گەیشتنی نێوەندگیرییەکە بە دیناکرێت و دیار نییە بارزانی دەتوانێت جارێکی دیکە مێژوو دووبارە بکاتەوە.
ئێستا ئەوەی لە بەرژەوەندی هەوڵەکەی مەسعود بارزانییە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی تایبەت بە پرۆسەی ئاشتین لە تورکیا و باکوری کوردستان کە رۆژئاوای کوردستانیش وەک بەشێکی ئەو پاکێجە ئاشتییە دەبینرێت کە هەمووان هەوڵ بۆ بەدیهێنانی لە تورکیا دەکەن.
بارزانی لەم هەنگاوانەدا تەنها گڵۆپی سەوزی ئەمەریکا نییە، بەڵکو وڵاتەکە پشتوانی ڕاستەوخۆی لێدەکات و هانی دەدات رۆڵی کاریگەر لە چارەسەرکردنی کێشەکان بگێڕێت.
مەزڵوم عەبدی چۆن چووە هەولێر؟
ڕۆژی ١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، بە بانگێهشتی مەسعود بارزانی، مەزڵوم عەبدی بە یاوەری بەرپرسانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بە سەرکردایەتی ئەمریکا سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی کۆبووە.
PM:08:40:17/01/2025
ئهم بابهته 3680
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت