ئاشکرابوو.. مەسعود بارزانی چی بە مەزڵوم عەبدی وت؟
وێستگهنیوز-
ناوەرۆکی پەیام و داواکارییەکانی سەرۆکی پارتی بۆ فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئاشکرا دەبێت و داوا دەکات، پێگەی کورد یەکبخرێت و بۆ بەهێزکردنی پێگەی ڕۆژئاوای کوردستان و کۆکردنەوەی هاوکاری زیاتر هەسەدە لە پەکەکە جیابکرێتەوە.
مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە میانی کۆبونەوەی لەگەڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات چەند پەیام و داواکارییەکی تایبەت بە داهاتوی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان هەبووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمەریکی لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگاداری کۆبونەوکە بڵاوکردونەتەوە، گفتوگۆکانی نێوان بارزانی و عەبدی لەسەر یەکخستنی پێگەی کورد لە ناوخۆی سوریا و گەڕان بەدوای ڕێگاکانی جیاکردنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان بووە - پەکەکە بووە لە هەسەدە.
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژانامەکە مەسعود بارزانی پەکەکەی وەک "گرووپێکی چەکداری جوداخواز” ناوبردووە کە لەلایەن تورکیاوە وەک ڕێکخراوێکی "تیرۆریست”ی دەستنیشان کراوە و ئاماژەی بەوە کردووە، هەنگاوێکی لەو شێوەیە دەتوانێت دەرگا بۆ پشتیوانیی نێودەوڵەتی فراوانتر بکاتەوە، بەتایبەتی لەڕێگەی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ئەمەریکا و تورکیا.
مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی هەر لەو کۆبونەوەیدا دەستپێشخەری بۆ دروستکردنی بەرەیەکی یەکگرتووی کورد لە سووریا خستوەتەڕوو بۆ ئەوەی لە پێگەی بەهێزەوە لەگەڵ حکومەتی نوێی دیفاکتۆی سوریا دانوستاندن بکەن.
بەپێی ڕۆژنامەی واشنتن پۆست، بارزانی لە قسەکانیدا ، دەستکەوتە سیاسییەکانی کورد لە عێراق، لەوانەش دانپێدانانی دەستوری وەک نمونە هێناوەتەوە و ڕایگیاندووە، دەتوانرێت ئەوە ببێتە مۆدێلێک بۆ کوردەکانی سوریا.
ڕۆژی 16ـی کانونی دووەمی 2025 مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە بانگهێشتی فەرمی گەیشتە هەولێر و لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە و بە تەلەفۆنیش قسەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد.
بەپێی راگەیەندراوی بارەگای بارزانی ، لەم دیدارەدا بارودۆخی سوریا و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سوریا، هەروەها چوارچێوەی گشتیی مامەڵەکردنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ بارودۆخی تازەی سووریا و چۆنیەتیی گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سوریا تاوتوێ کرا.
هەر لەم دیدارەدا جەخت لەوە کراتەوە، پێویستە لایەنە کوردیەکانی سووریا بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنەک و بە ڕێکاری ئاشتیانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و لەپێناو زامنکردنی مافەکانیان بە یەکڕێزی و یەکهەڵوێستیی هاوبەش لەگەڵ حکومڕانانی تازەی سووریا بگەنە لێک تێگەیشتن و ڕێککەوتن و فاکتەری ئاشتی و سەقامگیری بن و ڕێگری بکەن لە دووبارەبوونەوەی ئەو نەهامەتیانەی بەسەر گەلی کورد و پێکهاتەکانی تری سوریادا هاتوون.
تورکیا هەڵوێستی چییە؟
حکومەتی تورکیا تا ئێستا بە فەرمی هەڵوێستی خۆی لەسەر کۆبونەوەکە دەرنەبڕیووە، بەڵام ڕوماڵی میدیای تورکی بەو ئاڕاستەیەیە کە کۆبونەوەکە نیگەرانی تورکیا بە دوای خۆیدا دەهێنێت.
ڕۆژنامەی یەنی شەفەقی تورکی کە سەر بە پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتداری تورکیایە لە ڕاپۆرتە هەواڵێکدا دژایەتی تورکیای بەرامبەر کۆبونەوەی مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات و مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەربڕیووە.
ڕۆژنامەکە ناوی مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی پارتی هێناوە، بەڵام مەزڵوم عەبدی وەک "سەرۆکی ڕێکخراوێکی قەدەغەکراو” ناساندووە لە کاتێکدا هێزەکانی سوریای دیموکرات بە هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ڕۆڵێکی کاریگەرییان لە کۆتایهێنانی داعش لە سوریا گێڕا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی ڕۆژنامەی یەنی شەفەقی تورکی بڵاوییکردونەتەوە، کۆبونەوەکەی بارزانی و عەبدی دوای نائومێدبوونی هەسەدەیە لە هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانیان هەر بۆیە لە دواجاردا هانایان بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بردووە.
ئەگەرچی تا ئێستا هیچ لایەنێکیان پشتراستيان نەکردووەتەوە، بەڵام ڕۆژنامە تورکییەکە نوسیویەتی، بارزانی داوای کردووە کۆتایی بە هێرش و هەڕەشەکانی سەر تورکیا بهێنرێت.
AM:09:41:17/01/2025
ئهم بابهته 13084
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت