کاردانەوەی تورکیا لەسەر کۆبونەوەکەی بارزانی و عەبدی دەستی پێکرد
وێستگەنیوز-
حکومەتی تورکیا و پارتی دەسەڵاتداری وڵاتەکە لە ڕێگەی میدیاکانیەوە دژایەتی خۆی بەرامبەر کۆبونەوەکەی مەسعود بارزانی و مەزڵوم عەبدی دەردةبڕێت و دەڵێت، داوای راگرتنی هێرشەکانی سەر ئەنقەرە کراوە.
ڕۆژنامەی یەنی شەفەقی تورکی کە سەر بە پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتداری تورکیایە لە ڕاپۆرتە هەواڵێکدا دژایەتی تورکیای بەرامبەر کۆبونەوەی مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات و مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەربڕیوە.
ڕۆژنامەکە ناوی مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی پارتی هێناوە، بەڵام مەزڵوم عەبدی وەک "سەرۆکی ڕێکخراوێکی قەدەغەکراو” ناساندووە لە کاتێکدا هێزەکانی سوریای دیموکرات بە هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ڕۆڵێکی کاریگەرییان لە کۆتایهێنانی داعش لە سوریا گێڕا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی ڕۆژنامەی یەنی شەفەقی تورکی بڵاوییکردونەتەوە، کۆبونەوەکەی بارزانی و عەبدی دوای نائومێدبوونی هەسەدەیە لە هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانیان هەر بۆیە لە دواجاردا هانایان بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بردووە.
ئەگەرچی تا ئێستا هیچ لایەنێکیان پشتراستيان نەکردووەتەوە، بەڵام ڕۆژنامە تورکییەکە نوسیویەتی، بارزانی داوای کردووە یەپەگە لە پەکەکە جیا بکرێتەوە و کۆتایی بە هێرش و هەڕەشەکانی سەر تورکیا بهێنرێت.
حکومەتی تورکیا تا ئێستا بە فەرمی هەڵوێستی خۆی لەسەر کۆبونەوەکە دەرنەبڕیووە، بەڵام ڕوماڵی میدیای تورکی بەو ئاڕاستەیەیە کە کۆبونەوەکە نیگەرانی تورکیا بە دوای خۆیدا دەهێنێت.
ڕۆژی 1ـی کانونی دووەمی 2025 مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆبوەوە.
بەپێی راگەیەندراوی بارەگای بارزانی ، لەم دیدارەدا بارودۆخی سوریا و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سوریا، هەروەها چوارچێوەی گشتیی مامەڵەکردنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ بارودۆخی تازەی سووریا و چۆنیەتیی گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سوریا تاوتوێ کرا.
هەر لەم دیدارەدا جەخت لەوە کراتەوە، پێویستە لایەنە کوردیەکانی سووریا بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنەک و بە ڕێکاری ئاشتیانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و لەپێناو زامنکردنی مافەکانیان بە یەکڕێزی و یەکهەڵوێستیی هاوبەش لەگەڵ حکومڕانانی تازەی سووریا بگەنە لێک تێگەیشتن و ڕێککەوتن و فاکتەری ئاشتی و سەقامگیری بن و ڕێگری بکەن لە دووبارەبوونەوەی ئەو نەهامەتیانەی بەسەر گەلی کورد و پێکهاتەکانی تری سوریادا هاتوونە.
مەزڵوم عەبدی هەر لە چوارچێوەی سەردانەکەیەدا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە و پێشهاتەکانی سوریا و رۆژئاوای کوردستانیان تاووتوێ کردووە.
سەردانەکەی مەزڵوم عەبدی بۆ هەرێمی کوردستان کاردانەوەیەکی فروانی لێکەوتەوە، هۆشیار زێباری کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی بە هەنگاوێکی گەورە و ئەرێنی وەسفی کرد.
عوسمان بایدەمیر یەکێک لە سەرکردەکانی پێشووی هەدەپە سەردانەکەی بە مێژووی ناوبرد.
هاوڵاتیانیش لە بەشە جیاوازەکانی کوردستانەوە لەسەر پەرەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خۆشحاڵی خۆیان بە کۆبوونەوەکە نیشاندا.
AM:09:20:17/01/2025
ئهم بابهته 29432
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت