ئه‌لمۆنیتۆر: مه‌زڵوم عه‌بدی سه‌ردانی‌ هه‌ولێر ده‌كات


وێستگه‌نیوز-
ماڵپه‌ڕی ئه‌لمۆنیتۆری ئینگلیزی له‌ زاری‌ سه‌رچاوه‌كانیه‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ بڕیاره‌ به‌مزووانه‌، فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌)، سه‌ردانی هه‌ولێر بكات و له‌گه‌ڵ‌ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان كۆببێته‌وه‌.


ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، 15ی كانوونی دووه‌می 2025، ماڵپه‌ڕی ئه‌لمۆنیتۆری ئینگلیزی له‌ زاری چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه‌ رایگه‌یاند كه‌ مه‌سعود بارزانی سه‌ركرده‌ی‌ كوردی عێراق له‌ هه‌نگاوێكی مێژووییدا بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی گرژییه‌كانی ناوچه‌كه‌ و پێشخستنی هه‌وڵه‌كانی ئاشته‌وایی، له‌ هه‌ولێر چاوی به‌ مه‌زڵوم عه‌بدی، فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات ده‌كه‌وێت.

سه‌رچاوه‌كانی‌ ماڵپه‌ڕه‌كه‌، كاتی سه‌ردانه‌كه‌ی فه‌رمانده‌ی‌ گشتی‌ هه‌سه‌ده‌یان بۆ هه‌ولێر ئاشكرانه‌كردووه‌، به‌ڵام یه‌كێك له‌ سه‌رچاوه‌كان رایگه‌یاندووه‌ كه‌ سه‌ردانه‌كه‌ "به‌مزووانه‌" ده‌بێت.

به‌گوێره‌ی‌ ماڵپه‌ڕه‌ ئینگلیزییه‌كه‌ بڕیاره‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌ باره‌گای بارزانی له‌ پیرمام ئه‌نجام بدرێت كه‌ به‌سه‌ر شاری‌ هه‌ولێردا ده‌ڕوانێت.
 
سه‌رچاوه‌كان رایانگه‌یاندووه‌ كه‌ مه‌زڵوم عه‌بدی‌ له‌سه‌ر بانگهێشتی مه‌سعود بارزانی كه‌ له‌ رێگه‌ی نێردراوه‌كه‌ی، حه‌مید ده‌ربه‌ندی ئاڕاسته‌ی‌ كراوه‌، سه‌ردانی‌ هه‌ولێر ده‌كات.

رۆژی دووشه‌ممه‌، 13ی كانوونی دووه‌م، حه‌مید ده‌ربه‌ندی، نوێنه‌ری مه‌سعود بارزانی سه‌ردانی رۆژئاوای كوردستان كرد و له‌ حه‌سه‌كه‌ له‌گه‌ڵ مه‌زڵوم عه‌بدی، كۆبووه‌وه‌.


راگه‌یاندنی‌ هه‌سه‌ده‌ بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ له‌میانه‌ی دیداره‌كه‌دا، حه‌مید ده‌ربه‌ندی په‌یامی پشتیوانی‌ مه‌سعود بارزانی گه‌یانده‌ مه‌زڵوم عه‌بدی كه‌ تیایدا جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگی یه‌كخستنی ریزه‌كانی كورد و هاریكاری‌ هاوبه‌ش كردوه‌ته‌وه‌ بۆ رووبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ئاڵنگارییه‌كانی‌ ئێستای سوریا.

لای خۆیه‌وه‌، فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات  ستایشی‌ په‌یامه‌كه‌ی‌ مه‌سعود بارزانی‌ و ده‌ربڕینی‌ پشتیوانی كرد و جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ قۆناغی ئێستا پێویستی به‌ یه‌كخستنی‌ هه‌وڵه‌كانی هه‌موو لایه‌نه‌ كوردییه‌كان هه‌یه‌ بۆ به‌دیهێنانی‌ سه‌قامگیری و گره‌نتی‌ پاراستنی‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ گه‌لی كورد.


PM:06:39:15/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 2104 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت