سێرگی لاڤرۆڤ: روسیا رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌جێناهێڵێت
وێستگه‌نیوز-
سێرگی لاڤرۆڤ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی روسیا رایگه‌یاند كه پێویسته مافی كورد له چوارچێوه‌ی سوریا، عێراق، ئێران و توركیادا مسۆگه‌ر بكرێت، ده‌شڵێت: "روسیا رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌جێناهێڵێت".
له میانی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كه ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه له مۆسكۆ به‌ڕێوه‌چوو بۆ پێداچوونه‌وه به ئه‌نجامه‌كانی كاری دیپلۆماسی روسیا له ساڵی 2024، سێرگی لاڤرۆڤ رایگه‌یاند كه له ماوه‌ی ده ساڵی رابردوودا، دوای ئه‌وه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د، سه‌رۆكی پێشووی سوریا داوای له روسیا كرد ده‌ستوه‌ردان بكات، هه‌روه‌ها دوای دروستكرنی چوارچێوه‌ی ئاستانه و هاوكاری وڵاتانی عه‌ره‌بی، ده‌سه‌ڵاتدارانی دیمه‌شق خاوه‌خاویان له پرۆسه‌ی سیاسی‌دا كرد و خواستی خۆیان بۆ مانه‌وه‌ی دۆخه‌كه وه‌ك خۆی ده‌ربڕی.
وتیشی: "روسیا داوای له حكومه‌تی سوریا كرد پشتیوانی له هه‌وڵه‌كانی لیژنه‌ی ده‌ستوری بكات كه له سوچی له میانی كۆنفرانسی سوریا - سوریا له ساڵی 2018 دامه‌زرا بۆ داڕشتنی ده‌ستور".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه حكومه‌تی سوریا هیچ ئاماده‌ییه‌كی نیشان نه‌داو بۆ دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆن، لێره‌شدا باس له ئۆپۆزسیۆنێكی "تیرۆریست" ناكرێت، وتیشی: "ئه‌م دواخستنه هاوكات بوو له‌گه‌ڵ ئه‌و كێشانه‌ی له ئه‌نجامی سزا ئابوورییه‌كاندا دروست بوو كه ئابووری سوریای هه‌ڵوه‌شاند، هاوكات به‌شی رۆژهه‌ڵاتی سوریا كه ده‌وڵه‌مه‌نده به نه‌وت له‌لایه‌ن ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاوه داگیركرا و ئه‌و نه‌وته‌ی له‌وێ ده‌رده‌هێنرا بۆ پشتگیریكردن له گیانی جیابوونه‌وه له باكووری رۆژهه‌ڵاتی سوریا ئیستغلال كرا".
لاڤرۆڤ باسی له‌وه كرد كه "له‌گه‌ڵ كورد قسه‌مان كرد سه‌باره‌ت به گرنگی بوونی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی، به‌ڵام ئه‌وان وتیان ئه‌مریكا هاوكارییان ده‌كات بۆ دامه‌زراندنی حكومه‌تی تایبه‌ت به‌خۆیان، بۆیه پێمان وتن توركیا و ئێران رێگه‌تان پێناده‌ن ده‌وڵه‌تی خۆتان هه‌بێت. پێویسته مافه‌كانی كورد له چوارچێوه‌ی سوریا، عێراق، ئێران و توركیادا مسۆگه‌ر بكرێن".
به وته‌ی لاڤرۆڤ: "لای خۆیه‌وه دیمه‌شق گرنگی به‌و گفتوگۆیه‌ش نه‌دا، بۆیه ئه‌و چاكسازیانه‌ی كه نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و پلاتفۆرمی مۆسكۆ و پلاتفۆرمی قاهیره و ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه‌ی كه له ئه‌سته‌نبوڵ بوو، باسیان لێوه ده‌كرد، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌م لایه‌نانه، گه‌یشته بنبه‌ست و بۆشاییه‌ك كه له ئه‌نجامدا ئه‌م ته‌قینه‌وه‌یه‌ی لێ دروست بوو”.
لاڤرۆڤ جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه "باڵیۆزخانه‌كه‌مان دیمه‌شقی به‌جێنه‌هێشتووه و په‌یوه‌ندی به‌رده‌واممان هه‌یه، و ده‌مانه‌وێت له‌م دۆخه‌ی ئێستادا سوودێك بگه‌یه‌نین، سه‌باره‌ت به دامه‌زراندنی دیالۆگێكی هه‌مه‌لایه‌نه به به‌شداری سه‌رجه‌م هێزه نیشتمانی و سیاسی و تائیفیه‌كان و هه‌موو لایه‌نه ده‌ره‌كییه په‌یوه‌ندیداره‌كان".
لاڤرۆڤ راشیگه‌یاند كه له په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ توركیا و وڵاتانی كه‌نداو و ده‌ره‌نجامی كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌م دواییه سه‌باره‌ت به سوریا به به‌شداریی وڵاتانی عه‌ره‌بی و توركیا و به‌شێك له وڵاتانی رۆژئاوا، هه‌مووان جه‌خت له‌و راستییه ده‌كه‌نه‌وه كه ئه‌گه‌ر خواستێكی راسته‌قینه هه‌بێت بۆ گه‌یشتن به ئه‌نجامێكی به‌رده‌وام و به‌رجه‌سته و ته‌نها ته‌سفیه‌كردن نه‌بێت له نێوان ركابه‌ره‌كان له‌سه‌ر خاكی سوریا پێویسته روسیا و ئێران به‌شداری تێدا بكه‌ن.
PM:03:57:14/01/2025
ئه‌م بابه‌ته 1568
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت