لە سلێمانی ژنێکی تەمەن 41 ساڵ دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکی جوانکاری گیانی لەدەستدا


وێستگەنیوز- سازگار ئەحمەد

بەهۆی ئەنجامدانی نەشتەرگەریی هەڵەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی ژنێک گیانی لەدەستدا و کەسوکارەکەی سکاڵایان لەسەر پزیشکەکە تۆمارکردووە.


ئەمڕۆ سێشەممە 14ی کانونی دووەمی 2025 یەکێک لە کەسە نزیکەکانی ئەو ژنە بە وێستگەنیوزی راگەیاند، ئەو نەشتەرگەرییەی کە بۆ ئەو ژنە ئەنجام دراوە نەشتەرگەریی راکێشانی چەوری بووە کە دەچێتە چوارچێوەی نەشتەرگەریی جوانکارییەوە و ماوەی هەشت کاتژمێر ئەو ژنە لە ژووری نەشتەرگەریی بووە.

هەر بەپێی وتەی کەسی ئەو ژنە، ژنەکە کە تەمەنی 41 ساڵە و کاتێک لە نەشتەرگەریی هاتووەتە دەرەوە تەنها بۆ ماوەی 10 خولەک هۆشی هاتووەتەوە و دواتر گیانی لەدەستداوە، هۆکاری گیانلەدەستدانیشی بۆ هەڵەی پزیشکەکە گەڕاندەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، "سکاڵامان لەسەر پزیشکەکە تۆمارکردووە و دەستگیرکراوە، لەئێستادا پۆلیس دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە".

وێستگەنیوز ناوی نەخۆشخانە و پزیشکەکەی زانیوە، بەڵام تاوەکو لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس کۆتایی نەیەت، وێستگەنیوز ناوی نەخۆشخانە و پزیشکەکە دەپارێزێت.





AM:10:00:14/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 2504 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو