هۆشیار زێباری: ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی بارزانی بۆ یه‌كڕیزی كورده‌


وێستگه‌نیوز-
هۆشیار زێباری، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند كه‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی‌ حزبه‌كه‌ی‌ "بۆ یه‌كڕیزی كورده‌".


هۆشیار زێباری له‌ پلاتفۆڕمی‌ (ئێكس) له‌باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی نوێنه‌ری سه‌رۆكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بۆ لای فه‌رمانده‌ی‌ گشتی‌ هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات نووسیویه‌تی: "ده‌ستپێشخه‌ریی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی بۆ په‌یوه‌ندیكردن به‌ فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات له‌ باكوری رۆژهه‌ڵاتی سوریا بۆ یه‌كڕیزی كورده‌ له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتداره‌ نوێكانی سوریا له‌ ده‌سته‌ی ته‌حریری شام".

ده‌شڵێت: "به‌ره‌وپێشچونێكی تره‌ به‌ره‌و هاوكاریكردنی سوریا بۆ ئه‌وه‌ی له‌ قۆناغی ئینتقالیدا به‌ ئاسانی هه‌نگاو بنێت به‌ره‌و سه‌قامگیری و هاوسه‌نگی".

پێشتر راگه‌یاندنی‌ هه‌سه‌ده‌ بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ مه‌زڵوم عه‌بدی فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات پێشوازی‌ له‌ حه‌مید ده‌ربه‌ندی‌ نوێنه‌ری مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد و هه‌ردوولا دواپێشهاته‌كانی‌ سه‌ر گۆڕه‌پانی‌ كورد و ناوچه‌كه‌یان تاووتوێ كرد.

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ له‌میانه‌ی دیداره‌كه‌دا، حه‌مید ده‌ربه‌ندی په‌یامی پشتیوانی‌ مه‌سعود بارزانی گه‌یانده‌ مه‌زڵوم عه‌بدی كه‌ تیایدا جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگی یه‌كخستنی ریزه‌كانی كورد و هاریكاری‌ هاوبه‌ش كردوه‌ته‌وه‌ بۆ رووبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ئاڵنگارییه‌كانی‌ ئێستای سوریا.

لای خۆیه‌وه‌، فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات  ستایشی‌ په‌یامه‌كه‌ی‌ مه‌سعود بارزانی‌ و ده‌ربڕینی‌ پشتیوانی كرد و جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ قۆناغی ئێستا پێویستی به‌ یه‌كخستنی‌ هه‌وڵه‌كانی هه‌موو لایه‌نه‌ كوردییه‌كان هه‌یه‌ بۆ به‌دیهێنانی‌ سه‌قامگیری و گره‌نتی‌ پاراستنی‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ گه‌لی كورد.


PM:10:20:13/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 6860 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو