هادی عامری: به‌شداری‌ هه‌رێم له‌ نه‌وتی‌ كه‌ركوك قبوڵ‌ ناكه‌ین


وێستگه‌نیوز-
ئه‌مینداری گشتیی رێكخراوی به‌در رایگه‌یاند كه‌ هیچ كێشه‌یه‌ك له‌سه‌ر نه‌وتی كه‌ركوك نییه‌، ده‌شڵێت: " یه‌كلابووه‌ته‌وه‌ كه‌ نه‌وتی‌ كه‌ركوك موڵكی‌ حكومه‌تی‌ فیدڕاڵی عێراقه‌ ".

هادی عامری سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌نووسیدا  دوای‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمه‌ی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ هیچ كێشه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان نییه‌ و نابێت كێشه‌ دروست بكرێت، كێشه‌ له‌نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵی نابینن.

سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح وتی‌: "مووچه‌ به‌ڕێوه‌یه‌ و كێشه‌ ته‌نها مانگی‌ 12یه‌ و به‌خێرایی چاره‌سه‌ر ده‌كرێت".
روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ "بڕیاری‌ دادگای‌ فیدڕاڵی‌ مووچه‌ ده‌داته‌ هه‌رێم، له‌به‌رامبه‌ردا ده‌بێت هه‌رێم داهات راده‌ست بكات، كێشه‌ هه‌یه‌ له‌ راده‌ست نه‌كردنی‌ داهاته‌كانی‌ ناوخۆی‌ هه‌رێم، پشت به‌خوا ئه‌و كێشانه‌ چاره‌سه‌ر ده‌بن".

سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح له‌ به‌شێكی‌ تری‌ لێدوانه‌كه‌یدا وتی‌: "هیچ كێشه‌یه‌ك نییه‌ له‌ بابه‌تی‌ نه‌وتی‌ كه‌ركوك، یه‌كلابووه‌ته‌وه‌ كه‌ نه‌وتی‌ كه‌ركوك هی عێراقه‌ و هی‌ هه‌رێم نییه‌".

روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ "له‌ یاسای بوودجه‌ بۆ ساڵانی‌ 2023، 2024 و 2025 هاتووه‌ كه‌ ده‌بێت هه‌رێم 450 هه‌زار به‌رمیلی‌ رۆژانه‌ له‌ڕێی‌ كۆمپانیای‌ سۆمۆ هه‌نارده‌بكات و پاره‌كه‌ی‌ راده‌ستی‌ عێراق بكات، كێشه‌ی‌ له‌ خه‌رجی‌ كۆمپانیاكانی‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ نه‌وتدا هه‌یه‌ كه‌ له‌ یاساكه‌ تێچووی‌ به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌ هه‌رێمی كوردستان 8 دۆلار بوو، كۆمپانیاكان وه‌ستان، ئێستا هه‌مواری‌ ئه‌و یاسایه‌ كراوه‌ته‌وه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران، هیوادارین به‌ زووترین كات نه‌وتی‌ هه‌رێم له‌ڕێی‌ توركیاوه‌ هه‌نارده‌ بكرێته‌وه‌، تا عێراق داهاتی‌ 450 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی‌ رۆژانه‌ی‌ ده‌ستبكه‌وێت".

هاوكات باسی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ "له‌ یاسای بوودجه‌ بۆ ساڵانی‌ 2023، 2024 و 2025 تێچووی‌ به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌ هه‌رێمی كوردستان 8 دۆلار بووه‌، به‌ڵام برایانمان له‌ هه‌رێمی كوردستان گوتیان ئه‌و پاره‌یه‌ كه‌مه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ حكوومه‌تی فیدراڵ بڕه‌كه‌ی هه‌مووار كردووه‌ته‌وه‌، پێم وایه‌ ئه‌و پرسه‌ چاره‌سه‌ر ده‌بێت و له‌ په‌رله‌مان ده‌نگی پێده‌درێت".

راشیگه‌یاند كه‌ "هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان نییە و نابێت کێشە دروست بکرێت، کێشەیەک لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی نابینین، حکومەتی فیدراڵی جددیه‌ لەسەر ئەوەی چارەسەر بۆ سەرجەم کێشەکان بدۆزێتەوە، ئێمە بەرپرسیارین لە چارەسەرکردنی کێشەکانی‌ هه‌رێم بدۆزرێتەوە".

هادی عامری دووپاتیشیكرده‌وه‌ كه‌ رازی‌ نابن نه‌وتی‌ به‌ به‌شدری‌ كورد له‌ نه‌وتی‌ كه‌ركوك و وتی‌: "ئه‌وه‌ قبوڵ ناكه‌ین و پێی‌ رازی‌ نابین".


PM:09:50:13/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 8372 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو