هه‌سه‌ده‌ راگه‌یه‌ندراوێكی‌ ده‌رباره‌ی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی مه‌زڵوم عه‌بدی و نوێنه‌ره‌كه‌ی مه‌سعود بارزانی بڵاوكرده‌وه‌


وێستگه‌نیوز-
هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) راگه‌یه‌ندراوێكی‌ ده‌رباره‌ی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی فه‌رمانده‌ی‌ گشتی‌ هه‌سه‌ده‌ و و نوێنه‌ری سه‌رۆكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌خت له‌ گرنگی یه‌كڕیزی و هه‌ماهه‌نگی‌ كورد له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و دۆخه‌ی ئێستا سوریای گرتوه‌ته‌وه‌، كرایه‌وه‌.


راگه‌یاندنی‌ هه‌سه‌ده‌ بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ مه‌زڵوم عه‌بدی فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات هه‌سه‌ده‌ پێشوازی‌ له‌ حه‌مید ده‌ربه‌ندی‌ نوێنه‌ری مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد و هه‌ردوولا دواپێشهاته‌كانی‌ سه‌ر گۆڕه‌پانی‌ كورد و ناوچه‌كه‌یان تاووتوێ كرد.

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ له‌میانه‌ی دیداره‌كه‌دا، حه‌مید ده‌ربه‌ندی په‌یامی پشتیوانی‌ مه‌سعود بارزانی گه‌یانده‌ مه‌زڵوم عه‌بدی كه‌ تیایدا جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگی یه‌كخستنی ریزه‌كانی كورد و هاریكاری‌ هاوبه‌ش كردوه‌ته‌وه‌ بۆ رووبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ئاڵنگارییه‌كانی‌ ئێستای سوریا.

لای خۆیه‌وه‌، فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات  ستایشی‌ په‌یامه‌كه‌ی‌ مه‌سعود بارزانی‌ و ده‌ربڕینی‌ پشتیوانی كرد و جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ قۆناغی ئێستا پێویستی به‌ یه‌كخستنی‌ هه‌وڵه‌كانی هه‌موو لایه‌نه‌ كوردییه‌كان هه‌یه‌ بۆ به‌دیهێنانی‌ سه‌قامگیری و گره‌نتی‌ پاراستنی‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ گه‌لی كورد.

پێشتریش، میدیای پارتی بڵاویانكرده‌وه‌ كه‌ حه‌مید ده‌ربه‌ندی نوێنه‌ری مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی سه‌رۆكی پارتی سه‌ردانی رۆژاڤای كوردستان ده‌كات و به‌جیا له‌گه‌ڵ مه‌زڵوم عه‌بدی، فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) و ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كورد له‌ سوریا (ئه‌نه‌كه‌سه‌) كۆده‌بێته‌وه‌.


PM:08:11:13/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 1144 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت