سودانی‌ بڕیاره‌كه‌ی‌ سه‌باره‌ت به‌ مووچه‌ی‌ مانگه‌كانی‌ 12 و 1ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم به‌ نێچیرڤان بارزانی‌ راگه‌یاند


وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق هه‌ڵوێستی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی حكومه‌ته‌كه‌ی‌ دووپاتكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند كه‌ مووچه‌ی‌ مانگی‌ 12ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم نێردراوه‌، بۆ مانگی‌ یه‌كیش پێویسته‌ رێككه‌وتنی‌ نوێ بكرێت.


ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كۆبووه‌وه‌ و دۆسیه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتیان و باشترین ڕێگا بۆ ڕێكخستنی پابه‌ندبوونه‌ هاوبه‌شه‌كانی نێوان عیراق و هه‌رێمی كوردستان تاوتوێكرا له‌سه‌ر بنه‌ماكانی ده‌ستوور و ئه‌وه‌ی له‌ یاسای بوودجه‌دا په‌سه‌ندكراوه‌.

به‌گوێره‌ی‌ راگه‌یه‌ندراوی‌ نووسینگه‌كه‌ی‌ سودانی‌، هه‌ردوولا جه‌ختیانكرده‌وه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر گرنگی هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری هاوبه‌ش له‌ نێوان سه‌رجه‌م هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئاسته‌نگه‌كان.

سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئاگادار رایگه‌یاند كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سودانی‌ بڕیاره‌كه‌ی‌ سه‌باره‌ت به‌ مووچه‌ی‌ مانگه‌كانی‌ 12 و 1ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم به‌ نێچیرڤان بارزانی‌ راگه‌یاندووه‌.

به‌وته‌ی‌ سه‌رچاوه‌كه‌، سودانی‌ به‌ نێچیرڤان بارزانی‌ ووتووه‌ كه‌ مووچه‌ی مانگی 12 نانێرین چونكه‌ نێردراوه‌".

هاوكات سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ بۆ مووچه‌ی مانگی یه‌ك كانوونی‌ دووه‌می‌ 2025یش ده‌بێت ڕێككه‌وتنی نوێ بكرێت، ئه‌مه‌ش كاتی‌ ده‌وێت.


PM:07:20:13/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 24308 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت