بەرپرسێکی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ وێستگەنیوز: پۆستی قایمقامی کەلار هی ئێمەیە
وێستگەنیوز- سازگار ئەحمەد
دوای خانەنشینبوونی شەهاب ئەحمەد، قایمقامی قەزای کەلار بزووتنەوەی گۆڕان دەستبەرداری ئەو پۆستە نابێت و باژێڕوانی گۆڕان لە كەلار دەڵێت "ئەو پۆستە ئیستحقاقی خۆمانە و نەخێریان پێکردووین و نە بەخێریش داویانە پێمان".
ئەمڕۆ دووشەممە 13ی کانونی دووەمی 2025، مەریوان رەحیم، باژێروانی مەکۆی کەلاری بزووتنەوەی گۆڕان بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "دوای خانەنشینبوونی شەهاب ئەحمەد لە رۆژی 18ی کانونی یەکەمی 2024 بە وەکالەت دانا ئەحمەدمان بۆ ئەو پۆستە دیاریکردووە و نووسراومان بە فەرمی ئاڕاستەی ئیدارەی گەرمیان کردووە، بەڵام تائێستا جێبەجێنەکراوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو پۆستە ئیستحقاقی خۆمانە و نەخێریان پێکردووین و نە بەخێریش داویانە پێمان، بەڵکو ئەم بابەتە پەیوەندیی بە رێککەوتنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و گۆڕانەوە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی".
لە وەڵامی پرسیاری وێستگەنیوز ئایا هیچ دانیشتنێکیان لەگەڵ یەکێتی کردووە، باژێروانی مەکۆی کەلاری بزووتنەوەی گۆڕان وتی، "نەخێر هیچ دانیشتنێکمان ئەنجام نەداوە".
وتیشی، "ئێمە لە حکومەت نەکشاوینەتەوە، بەڵکو تەنها لە حکومەتی سیاسی کشاوینەتەوە، ئەم پۆستانە هیچ پەیوەندیی بە حکومەتی سیاسییەوە نییە".
PM:04:15:13/01/2025
ئهم بابهته 1800
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت