ئەمرۆ سوودانی سەردانی بەریتانیا دەکات
وێستگەنیوز_
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەردانی لەندەن دەکات و لەگەڵ شا و سەرۆکوەزیران و بەرپرسانی بەریتانیا دۆخی ناوچەکە و چەندان تەوەری دیکە تاوتوێ دەکات.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 13ـی 1ـی 2025، محەممەد شیاع سوودانی، لەسەر بانگهێشتێکی فەرمیی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا سەردانی ئەو وڵاتە دەکات.
سوودانی کۆمەڵێک دیدار و کۆبوونەوەی دەبێت، لەوانەش کۆبوونەوە لەگەڵ چارڵسی سێیەم، پاشای بەریتانیا و کیێر ستارمەر، سەرۆک وەزیران و چەندین بەرپرسی باڵای حکومەت.
بەپێی راگەیەندراوەکە، سوودانی لەگەڵ نوێنەرانی کۆمپانیاکان و کەرتەکانی کار دەکات، بەشداری لە چەندین کۆڕ و گفتوگۆ لە سەنتەرە تایبەتمەندەکانی توێژینەوە دەکات.
ئاماژە بەوەشکراوە، سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چوارچێوەی بەهێزکردنی ئاسۆکانی هاریکاریی نێوان عێراق و بەریتانیایە، کە تێیدا چەندین رێککەوتننامە و یاداشتی لێکتێگەیشتن لە بوارە جیاوازەکان واژۆ دەکرێن، بەتایبەت لە بوارەکانی ئابووری، وەبەرهێنان و ئەمنی.
هاوکات، لەم سەردانەدا شاندێکی باڵا یاوەریی سوودانی دەکات کە پێکهاتووە لە ژمارەیەک وەزیر، پەرلەمانتار و پارێزگاری بەسرە و چەند راوێژکارێک، لەگەڵ نوێنەرانی کەرتی تایبەت و پیشەوەران و بازرگانانی پسپۆڕ لە کەرتە ئابوورییە جیاوازەکان.
AM:11:00:13/01/2025
ئهم بابهته 416
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت