تەواوی ئەو ڕێگایانەی سلێمانی بە ئیدارەی ڕاپەڕین، هەولێر و قەزای کۆیە دەبەستێتەوە داخران


وێستگەنیوز_

دژی نەبوونی خزمەتگوزاری، ئەمڕۆ دووشەممە 13ـی کانوونی دووەمی 2025، تەواوی ئەو ڕێگایانەی سلێمانی بە ئیدارەی ڕاپەڕین، هەولێر و قەزای کۆیە دەبەستێتەوە داخران. هاوکات، عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی رەوتی هەڵوێست دەڵێت: چەند بەرپرسێک لەم پرسەدا لەگەڵ کۆمپانیایەک هاوبەشن و بۆ رێگای خەلەکان - رانیە، زیاتر لە 7 ملیار دیناری براوە و "هەموویان دەدەمە دادگا". 

دوای شەش ڕۆژ لە خۆپیشاندانی دانیشتوانەکەی دژی تەواونەکردنی رێگەکەیان و نەبوونی خزمەتگوزاری لە گوندەکانی دۆڵی خەلەکان؛ هاوڵاتیانی ئەو گوندانە لە ئێستادا ڕێگەی ڕانیە-دوکان'ـیان بەتەواوەتی داخستووە.

هەروەها پێشتر رایانگەیاندبوو ئەمرۆ دووشەممە "تەواوی ئەو ڕێگایانەی بۆسلێمانی دەچێت دایدەخەن کە پێکهاتوون لە،  ڕێگای دوکان ـ  بنگرد - دەربەند، رێگای دوکان ـ خدران ـ بناری کۆسرەت و ڕێگەی کەلکەسماق ـ کۆیە.

وەکو ناڕەزایەتیەک دژی خراپی ڕێگاوبان، دانیشتوانی ئەو ناوچانە ڕێگاکان دەگرن و ڕێگە بە هیچ ئۆتۆمبێلێک نادەن هاتووچۆ بکات، بەمەش تەواوی ئەو ڕێگایانەی  پارێزگای سلێمانی بە ئیدارەی ڕاپەڕین و پارێزگای هەولێر و قەزای  کۆیە دەبەستێتەوە دادەخرێن.

لای خۆشیەوە، عەلی حەمە ساڵح دەڵێت: "ئەو کۆمپانیای دەبوو ڕێگای خەلەکان - ڕانیە، تەواوبکات، بەهاوکاری چەند بەرپرسێک کە شەریکن لەگەڵیدا، لە پارەی سلێمانی بڕی حەوت ملیار و 630 ملیۆن دینار زیادەی وەرگرتووە و دواتر ڕۆیشتووە و پرۆژەکەشی بەجێهێشتوە!  ئەوەی جێی سەرنجە دەبوو وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ئەم بەڵێندەرەی پرۆژەکە بداتە دادگا، بەڵام چاوپۆشی لێکراوە! هەموویان دەدەمە دادگا".

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ یەکشەممە 12ـی 1ـی 2025، بەهۆی چاککردنی پردێکەوە، رێگەی کەرکووک - سلێمانی بە تەواوی پەکی کەوت؛ و شۆفێران ماوەی نێوان قەزای چەمچەماڵ - تەکیە'ـیان بە سێ کاتژمێر بڕی لە کاتێکدا رێگاکە تەنها 15 خولەک نێوانیانە لە کاتی ئاساییدا. 


AM:09:30:13/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 7116 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت