رێباز حه‌ملان له‌ میدیاوه‌ وه‌ڵامی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی عێراق ده‌داته‌وه‌


وێستگه‌نیوز-
رێباز حه‌ملان بریكاری‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی عێراق له‌ میدیاوه‌ وه‌ڵامی‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ی‌ ده‌داته‌وه‌ و ده‌ڵێت: "ناكرێت هەرێمی كوردستان وەكو وەزارەتێك سەیر بكرێت جێگەی قبوڵكردن نییه‌".

ئێواره‌ی‌ ئه‌مڕۆ وه‌زاره‌تی‌ دارایی عێراق راگه‌یه‌ندراوێكی‌ بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا رایگه‌یاند كه‌ مانگانه‌ مووچه‌ی‌ مووچه‌خۆرانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیان ناردووه‌، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌ند نه‌بووه‌ به‌ دابه‌شكردنی به‌شێوه‌ی‌ مانگانه‌، ده‌شڵێت: "دواكه‌وتنی‌ ناردنی‌ مووچه‌ به‌هۆی‌ پابه‌ندنه‌بوونی حكومه‌تی هه‌رێمه‌ به‌ بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی بۆ ته‌وتینكردنی‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم".

رێباز حه‌ملان كه‌ له‌سه‌ر پشكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بووه‌ به‌ بریكاری‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی عێراق، بۆ كوردستان 24 ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ " لە راگه‌یه‌ندراوه‌كەی وەزارەتی دارایی عێراقدا هاتووە كە هەموو مانگێك لە كاتی خۆیدا مووچەیان ناردووە، ئەمە غەڵەتێكی گەورەیە هیچ كاتێك لەكاتی خۆی مووچەی نەناردووە، بەغدا هەموو موچەی وەزارەت و خانەنشینی خۆی خەرج ده‌كات دوای ئەوەی بڕیار دەدات مووچەی هەرێم بنێرێت".

ده‌شڵێت: "راگه‌یه‌ندراوه‌كە باسی ئەوەی كردووە هەرێم خۆی موچەی دابەشی نەكردووە، كە بەغداد پارە نەنێرێت موچەی چی دابەش بكات".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ " وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت مووچەخۆران تەوتین نەكراون، مووچەخۆرانی هەرێم لە رێگای هەژماری من 730 هەزار كەس فۆرمی پڕكردووەتەوە، 350 هەزار كەس كارتی وەرگرتووەتەوە، نزیكەی (220 هەزار ) كەس لەرێگای كارتەوە موچەیان وەرگرتووە بۆ مانگی 11 پرۆسەكە بەردەوامە".

باسی‌ له‌وه‌شكرد كه‌ "هیچ مانگێک بەغدا مووچەی لە کاتی خۆیدا نەناردووە، تەنانەت یەکێک لە مانگەکان بە داهاتی ناوخۆ مووچەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دابەشکراوە، هەر بڕیارێک دادگای فیدڕاڵی دەریبکات، لە بەرژەوەندی هەرێمەکە بێت، بەغدا پابەندی نابێت".

هه‌رچه‌نده‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی عێراق جه‌ختی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ له‌ 2024دا زیاتر له‌ 11 ملیار دیناریان بۆ مووچه‌ی‌ 12 مانگی‌ مووچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم ناردووه‌ و داتای‌ بڵاوكرده‌وه‌، به‌ڵام رێباز حه‌ملان ده‌ڵێت: "عێراق ساڵی 2024، تەنیا بەشی 10 مانگی مووچەی هاوڵاتییانی هەرێمی ناردووە".

بریكاره‌كه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی عێراق راشیگه‌یاند كه‌ پاساوەکانی وەزارەتی دارایی عێراق لە شوێنی خۆیدا نین.


PM:11:46:12/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 2444 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت