عه‌لی‌ باپیر نامه‌یه‌ك بۆ ئه‌حمه‌د شه‌رع ده‌نێرێت


وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان له‌ نامه‌یه‌كدا پیرۆزبایی له‌ سه‌رۆكی‌ ئیداره‌ی‌ نوێی‌ سوریا ده‌كات به‌بۆنه‌ی‌ رووخاندنی‌ رژێمی‌ به‌شار ئه‌سه‌د و به‌ "برای فه‌رمانده‌" ناوی‌ ده‌بات و ده‌ڵێت: "خوازیارین گه‌لی كوردمان له‌ ژێر سه‌ركردایه‌تیی دانایانه‌تاندا خۆشی له‌ بوون و مافه‌كانی ببینێ".
 

دوای رووخانی رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د و هاتنه‌ ئارای گۆڕانكارییه‌كان له‌ سوریا، عه‌لی باپیر سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان، نامه‌یه‌كی بۆ ئه‌حمه‌د شه‌رع سه‌رۆكی‌ ده‌سته‌ی‌ ته‌حریری‌ شام كه‌ ئێستا سه‌رۆكی‌ ئیداره‌ی‌ نوێی‌ سوریایه‌ نارد و تیایدا رایگه‌یاندووه‌ كه‌ "رزگاركردنی سوریا له‌ ژێر نیری ئه‌و رژێمه‌ تاوانكار و خۆسه‌پێنه‌ر و پێشێلكاره‌ی مافی گه‌لانی سوریا، بازدانیكی جۆرییه‌ بۆ خه‌ڵكی سوریا و، شۆڕشگێڕانی به‌ سه‌ركردایه‌تیی ئێوه‌ به‌ره‌و ئازادی".

عه‌لی باپیر ده‌ڵێت: "ئومێدمان وایه‌ ئه‌و كاروانه‌ به‌پیت و فه‌ڕه‌ به‌رده‌وام بێت بۆ ته‌واوكردنی به‌ده‌ستهێنانی خواسته‌كانی گه‌لانی سوریا و، ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌كانی هه‌موو هاووڵاتییان به‌ عه‌ره‌ب و كورد و هه‌موو خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته‌ له‌ژێر چه‌تری سه‌روه‌ریی یاسا و هاووڵاتیبوون".

سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی دادگه‌ری بۆ سه‌رۆكی‌ ئیداره‌ی‌ نوێی‌ سوریا نووسیویه‌تی‌: "ئێوه‌ ئه‌مڕۆ - وه‌ك له‌لاتان ڕوونه‌ - له‌ قۆتاغی به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتدان كه‌ جیایه‌ له‌ قۆناغی شۆڕش، له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌ خوا "سبحانه وتعالی" ده‌پاڕێینه‌وه‌ سه‌ركه‌وتووتان بكات بۆ هه‌ر شتێك كه‌ له‌ سوودی ئایینه‌كه‌ی و به‌نده‌كانیدایه‌".

ئه‌وه‌شی‌ خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ "ڕژێمی له‌ناوچوو نكووڵیی له‌ ناسنامه‌ی گه‌لی كورد كرد و، هاووڵاتییانی كوردی بێبه‌ش كرد له‌ ساده‌ترین مافی هاووڵاتییبوون، وه‌ك: داڕنینیان له‌ ڕه‌گه‌زنامه‌ی سووریی و، به‌ڵگه‌نامه‌ی هاوسه‌رگیریی و، نه‌ڕه‌خساندنی هه‌لی دامه‌زراندنیان به‌و بڕوانامه‌ زانكۆییه‌ی كه‌ دوای چه‌ندین ساڵ خوێندن به‌ده‌ستیان ده‌هێنا".

عه‌لی‌ باپیر بۆ ئه‌حمه‌د شه‌رع رایگه‌یاندووه‌ كه‌ "خوازیارین گه‌لی كوردمان خۆشی له‌ بوون و مافه‌كانی ببینێ له‌ چوارچێوه‌ی حوكمڕانیی داهاتوو له‌ ژێر سه‌ركردایه‌تیی دانایانه‌تاندا".

ئه‌مه‌ش ده‌قی‌ نامه‌كه‌یه‌:

بۆ برای فه‌رمانده‌ ئه‌حمه‌د شه‌رع
فه‌رمانده‌ی گشتیی به‌ڕێوه‌بردنی سووریا

السلام علیكم ورحمه‌ الله وبركاته
خۆشحاڵم كه‌ ئه‌م نامه‌یه‌تان بۆ ده‌نێرم، پاش پیرۆزبایی لێكردنتان به‌ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر ڕژێمی دیكتاتۆریی فه‌وتاودا، ڕژێمی حوكمڕانیی به‌ششار ئه‌سه‌دی به‌عسیی، ئه‌و ڕژێمه‌ی كه‌ خراپه‌ و تاوانكاریی له‌ زه‌ویدا بڵاوكرده‌وه‌ و، تاڵاوی زه‌لیلیی و ڕیسوایی به‌ گه‌لانی سووریا چێژت به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانیه‌وه‌.

ڕزگاركردنی سووریا له‌ ژێر نیری ئه‌و ڕژێمه‌ تاوانكار و خۆسه‌پێنه‌ر و پێشێلكاره‌ی مافی گه‌لانی سووریا، هه‌نگاوێكی گرنگه‌، به‌ڵكو بازدانیكی جۆرییه‌ بۆ خه‌ڵكی سووریا و، شۆڕشگێڕانی به‌ سه‌ركردایه‌تیی ئێوه‌ به‌ره‌و ئازادیی، ئومێدمان وایه‌ ئه‌و كاروانه‌ به‌پیت و فه‌ڕه‌ به‌رده‌وام بێت بۆ ته‌واوكردنی به‌ده‌ستهێنانی خواسته‌كانی گه‌لانی سووریا و، ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌كانی هه‌موو هاووڵاتییان به‌ عه‌ڕه‌ب و كورد و هه‌موو خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته‌، تاك تاك و پێكهاته‌كان، مسوڵمانان و ئه‌وانی دیكه‌ش، له‌ژێر چه‌تری سه‌روه‌ریی یاسا و هاووڵاتییبوون.
ئێوه‌ ئه‌مڕۆ - وه‌ك له‌لاتان ڕوونه‌ - له‌ قۆتاغی به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتدان كه‌ جیایه‌ له‌ قۆناغی شۆڕش، له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌ خوا "سبحانه وتعالی" ده‌پاڕێینه‌وه‌ سه‌ركه‌وتووتان بكات بۆ هه‌ر شتێك كه‌ له‌ سوودی ئایینه‌كه‌ی و به‌نده‌كانیدایه‌، له‌ بنیاتنانه‌وه‌ی سووریایه‌كی گه‌شه‌سه‌ندوو له‌ژێر سایه‌ی حوكمڕانییه‌كی مسوڵمانانه‌ی دادگه‌ر، دوور له‌ خۆسه‌پاندنی پێكهاته‌یه‌ك به‌سه‌ر ئه‌وانی دیكه‌دا و، خوازیارین گه‌لی كوردمان خۆشی له‌ بوون و مافه‌كانی ببینێ له‌ چوارچێوه‌ی حوكمڕانیی داهاتوو له‌ ژێر سه‌ركردایه‌تیی دانایانه‌تاندا، وه‌ك خوا "سبحانه وتعالی" ده‌فه‌رموێ: (وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِڵ لِتَعَارَفُوا)، واته‌: (گێڕاومانن بۆ چه‌ندان نه‌ته‌وه‌و هۆز تاكو پێك ئاشنابن)، به‌ڵام ڕژێمی له‌ناوچوو نكووڵیی له‌ ناسنامه‌ی گه‌لی كورد كرد و، هاووڵاتییانی كوردی بێبه‌ش كرد له‌ ساده‌ترین مافی هاووڵاتییبوون، وه‌ك: داڕنینیان له‌ ڕه‌گه‌زنامه‌ی سووریی و، به‌ڵگه‌نامه‌ی هاوسه‌رگیریی و، نه‌ڕه‌خساندنی هه‌لی دامه‌زراندنیان به‌و بڕوانامه‌ زانكۆییه‌ی كه‌ دوای چه‌ندین ساڵ خوێندن به‌ده‌ستیان ده‌هێنا.

له‌ خوای په‌روه‌ردگار ده‌پاڕێینه‌وه‌ كه‌ سووریای نوێ و وڵاتی شام بپارێزێت له‌ بۆسه‌ی پیلانگێڕان و پیلانه‌كانیان و، بیگه‌یه‌نێته‌ كه‌ناری ئارامیی و سه‌قامگیریی.

والسلام علیكم ورحمه‌ الله وبركاته

براتان
عه‌لی باپیر
سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان / عێڕاق
11 / ڕه‌جه‌ب / 1446 ك
11 / 1 / 2025 ز


PM:09:39:12/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 960 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت