کەشناسیی هەرێم: ئێوارەی ئەمڕۆ بارانبارین کۆتایی دێت


وێستگەنیوز-

بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان رەوشی کەشوهەوای 48 کاتژمێری داهاتووی ناوچە جیاوازەکان هەرێمی بڵاوکردەوە.

کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی کانونی دووەمی 2025، ئاسمان هەور دەبێت و ئەگەرى نمە باران و دروستبوونى تەم لە سەر ناوچە شاخاوییەکان هەیە، ئاسمانى هەرێم لە کاتەکانى بەیانى هەتا ئێوارە نیمچە هەور و هەورى تەواو دەبێت، سەبارەت بە بارانبارین بۆ ئەمڕۆ لە سەنتەرى پارێزگاى هەولێر ئەگەرى نمە باران هەیە، بەڵام لە ناوچە شاخاوییەکان هەندێک کات بارانى مامناوەند هەیە، لەسەر لوتکەى شاخە بەرزەکان و ناوچە سنوورییەکان بەفر دەبارێت، کاریگەرى ئەم کەشە ناسەقامگیرە لەسەر سنوورى پارێزگاى سلێمانى و ئیدارەى راپەڕین و پارێزگاى هەڵەبجە زیاتر دەبێت، بەڵام لە سنوورى پارێزگاى دهۆک و ئیدارەى سەربەخۆى زاخۆ تەنها لە ناوچە شاخاوییەکان ئەگەرى نمە باران هەیە لە زۆربەى کات نیمچە هەور دەبێت، لە ئێوارەدا لە سەرجەم ناوچەکان کاریگەرى ئەم کەشە ناسەقامگیرە کۆتایى دێت و پاشان ئاسمان دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور، هەروەها پلەکانی گەرما بەراورد بە دوێنێ نزمتردەبێتەوە".

ئاماژە بەوەکراوە، "سبەینێ دووشەممە 13ی کانونی یەکەمی 2025، ئاسمان نیمچە هەور دەبێت پاشان دەگۆڕێت بۆ ساماڵ و پەڵە هەور، پلەکانی گەرما کەمێک بەرز دەبێتەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانى ئەمڕۆ".

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:
هەولێر : 18 پلەى سیلیزى
سلێمانی : 14پلەى سیلیزى
دهۆک : 16 پلەى سیلیزى
کەرکوک : 17 پلەى سیلیزى
زاخۆ : 17 پلەى سیلیزى
گەرمیان : 19پلەى سیلیزى


AM:11:06:12/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 2048 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت