بافڵ‌ تاڵه‌بانی‌: ده‌بێت هێزی پێشمه‌رگه‌ دوور له‌ ده‌ستتێوه‌ردانی حزبی رێكبخرێته‌وه‌


وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆكی‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگه‌یاند كه‌ ده‌بێت هێزی پێشمه‌رگه‌ دوور له‌ ده‌ستتێوه‌ردانی حزبی رێكبخرێته‌وه‌، ده‌شڵێت: "یه‌كێتی حكومه‌تێكی ده‌وێت كه‌ پاراستنی مافی خه‌ڵك و باشتركردنی ژیانیان ئامانجه‌كه‌ی بێت".


به‌گوێره‌ی‌ راگه‌یه‌ندراوێكی‌ نووسینگه‌كه‌ی‌، بافڵ تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ ده‌باشان پێشوازیی له‌ ستیڤ بێتنه‌ر، كونسوڵی گشتیی ئه‌مریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد و له‌دیدارێكدا كه‌ ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سوڵ، لێپرسراوی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌كان ئاماده‌بوو، دۆخی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕ است و سوریا، پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی هه‌رێم و یه‌كگرتنه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ تاووتوێكران.

ئاماژه‌ به‌وه‌شدراوه‌ كه‌ له‌ دیداره‌كه‌دا "جه‌خت له‌ به‌رده‌وامی گفتوگۆ و لێكتێگه‌یشتنی نێوان سه‌رجه‌م هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كرایه‌وه‌ به‌ئامانجی پاراستنی سه‌قامگیری و هێنانه‌كایه‌ی حوكمڕانییه‌كی خزمه‌تگوزار".

له‌باره‌ی دۆخی سوریا و كوردانی رۆژئاوا، بافڵ تاڵه‌بانی وتی‌ كه‌ "جه‌خت له‌ پاراستنی مافی هه‌موو نه‌ته‌وه‌ و پێكهاته‌كان به‌تایبه‌ت گه‌لی كورد ده‌كه‌ینه‌وه‌ و هه‌وڵه‌كانیشمان له‌و پێناوه‌دا به‌رده‌وامه‌. هیوادارین هه‌مووان به‌رپرسانه‌ مامه‌ڵه‌ بكه‌ن و هاوبه‌شیی راسته‌قینه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنی وڵاته‌كه‌دا په‌یڕه‌و بكرێت".

وه‌ك له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستان ته‌وه‌رێكی تری دیداره‌كه‌بوو و له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌رۆكی یه‌كێتی‌ رایگه‌یاند كه‌ "پێشتر باسمان له‌ هێنانه‌كایه‌ی حوكمڕانییه‌كی دادپه‌روه‌ر و خزمه‌تگوزار كردووه‌ و ئێستاش دووپاتیده‌كه‌ینه‌وه‌، یه‌كێتی حكومه‌تێكی ده‌وێت كه‌ پاراستنی مافی خه‌ڵك و باشتركردنی ژیانیان ئامانجه‌كه‌ی بێت، دوور له‌ جیاكاری خزمه‌تی هه‌موولایه‌ك بكات و كار بۆ به‌هێزتركردنی هه‌رێمه‌كه‌مان بكات. به‌ روانین و دیدگایه‌كی نوێوه‌ هه‌وڵ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان بدات و كوردستان به‌ره‌و ئاوه‌دانی و سه‌قامگیری ئاڕاسته‌ بكات".

سه‌باره‌ت به‌ یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ و به‌رده‌وامیی هه‌وڵه‌كان بۆ بونیادنانی هێزێكی نیشتمانیی تۆكمه‌، سه‌رۆكی‌ یه‌كێتی‌ ستایشی هاوكارییه‌كانی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان به‌تایبه‌ت ئه‌مریكای كرد و جه‌ختی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "ده‌بێت هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌ بیركردنه‌وه‌یه‌كی نیشتمانییانه‌ و دوور له‌ ده‌ستتێوه‌ردانی حزبی رێكبخرێته‌وه‌، بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجه‌ باڵایه‌ش یه‌كێتی به‌هه‌مووشێوه‌یه‌ك پشتیوان ده‌بێت".


PM:09:51:11/01/2025












ئه‌م بابه‌ته 700 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو