هاكان فیدان: سه‌باره‌ت به‌ هێزه‌ كوردییه‌كانی سوریا ته‌نها له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا گفتوگۆ ده‌كه‌ین


وێستگه‌نیوز-
له‌ درێژه‌ی هه‌واڵه‌كان سه‌باره‌ت به‌ چاره‌نووسی هێزه‌ كوردییه‌كان له‌ رۆژئاوا، هاكان فیدان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا رایگه‌یاند كه‌ فه‌ره‌نسا له‌ ناوچه‌كه‌ هیچ رۆڵێكی نییه‌، ده‌شڵێت: "سه‌باره‌ت به‌ دۆخی هێزه‌ كوردییه‌كان،ئه‌نقه‌ره‌ ته‌نها دانوستان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا ده‌كات".


هاكان فیدان وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ توركیا، پاریسی تۆمه‌تبار كرد به‌وه‌ی كه‌ چاوپۆشی له‌ نیگه‌رانییه‌ ئه‌منییه‌كانی ئه‌نقه‌ره‌ ده‌كات و به‌ گاڵته‌جاڕیه‌وه‌ داوای له‌ فه‌ره‌نسا كرد هاووڵاتیانی خۆی كه‌ به‌هۆی ئه‌ندامبوون له‌ گرووپه‌ توندڕه‌وه‌كان له‌ سوریا زیندانی كراون بۆ وڵاته‌كه‌یان بگه‌ڕێنێته‌وه‌.

هه‌وڵی نێوده‌وڵه‌تی دراوه‌ بۆ رازیكردنی توركیای ئه‌ندام له‌ په‌یمانی‌ ناتۆ تا هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر هێزه‌كانی سوریای دیموكرات "هه‌سه‌ده‌" زیاتر نه‌كات، كه‌ هاوپه‌یمانی ئه‌مریكان و ڕۆڵێكی گه‌وره‌یان هه‌بووه‌ له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعشدا.

زۆرێك له‌ رۆژئاوا هێزه‌كانی سوریای دیموكرات به‌ هێزێكی گرنگ داده‌نێن له‌ دوورخستنه‌وه‌ی تیرۆریستاندا. به‌ڵام توركیا به‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ئاسایشی سه‌یرییان ده‌كات به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌ڵێت گوایه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ پارتی كرێكارانی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌.

كاتێك پرسیاری لێكرا سه‌باره‌ت به‌ ڕه‌وانه‌كردنی هێزه‌كانی ئه‌مریكا و فه‌ڕه‌نسا بۆ باكووری سوریا به‌ مه‌به‌ستی كه‌مكردنه‌وه‌ی گرژییه‌كان له‌گه‌ڵ كورددا، فیدان هه‌ر جۆره‌ رۆڵێكی فه‌ڕه‌نسای به‌ دوورزانی.

فیدان له‌ ئیسته‌نبوڵ به‌ ڕۆژنامه‌نووسانی وت: "ئه‌مریكا تاكه‌ گفتوگۆكارمانه‌. به‌ ڕاستی ئێمه‌ حیساب بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ ناكه‌ین كه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌ ڕێی خۆشاردنه‌وه‌ له‌ پشت ئه‌مریكاوه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان له‌ سوریا به‌ره‌وپێشه‌وه‌ ببه‌ن".

هێزه‌كانی سوریای دیموكرات سه‌رپه‌رشتی ده‌یان زیندان ده‌كات كه‌ هه‌زاران چه‌كداری داعش و خێزانه‌كانییانی تێدا به‌ندكراوه‌.


PM:08:11:11/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 1292 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت