وەزارەتی کارەبای هەرێم: دۆخی کارەبا بەرەو باشبوون دەچێت


وێستگەنیوز-

وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە وەرزی زستانی ئەمساڵدا خواست لەسەر کارەبا 7500 مێگاواتی تێپەڕاندووە.


لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لە وەرزی زستانی ئەمساڵدا خواست لەسەر کارەبا 7500 مێگاواتی تێپەڕاندووە، لە کاتێکدا بەرهەمهێنانی کارەبا تەنیا 3500 مێگاواتە".

ئاماژە بەوەکراوە، "لە کابینەی نۆیەم 1500 مێگاوات بەرهەم زیادکراوە، بەڵام لە هەمان کاتدا 460 هەزار هاوبەشی نوێی کارەبا زیادبووە و خواستی كارگەكانی چیمەنتۆ و ئاسن و كارگە پیشەسازییەكانی دیكە و پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و سیتییەكان لەسەر کارەبا زیاتربووە و نەخۆشخانەکان و پرۆژەکانی ئاو و دامودەزگا ئەمنیەکان و بەندیخانە و خاڵە سنوورییەکان کارەبای بەردەوامیان بۆ دابینکراوە، بۆیە تێکڕای کاتی پێدانی کارەبا لە ساڵی 2024دا 12:44 کاتژمێر بووە".

وەزارەتی كارەبا ئاماژەی بەوەشداوە، "تێچوونی بەرهەمهێنانی کارەبا لەناو قەیرانی دارایی و کێشە تەکنیکییەکانی گواستنەوەی سوتەمەنی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و هێرشەکان سەر کێڵگەکانی گاز و شوێنی کارکردنی کۆمپانیای دانەغاز؛ ئەوەندەی دیکە کاریگەریی نەرێنیان بۆ سەر بەرهەمهێنانی کارەبا دروستکردووە".

ئەوەش هاتووە، "هاوڵاتییان دڵنیادەكەینەوە بەپێی ئەو بەرنامەیەی دایانناوە، لە رێگەی سیستمی پێوەری زیرەك و پرۆژەی رووناكی 24 كاتژمێری، دۆخی کارەبا بەرەو باشبوون دەچێت".


PM:03:56:11/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 656 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو