پێشەوا هەورامانی بۆ وێستگەنیوز: ئامانجی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ پەیوەستە بە تاک بە تاکی خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە


وێستگەنیوز- سازگار ئەحمەد

بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەبارەی پرسی مووچه‌ و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئەنجام بدات.


ئەمڕۆ شەممە 11ی کانونی دووەمی 2025 كاتژمێر 10:00ی بەیانی له‌ شاری هه‌ولێر به‌ ئاماده‌بونی نوێنه‌رانی هه‌رێمی كوردستان له‌ حكومه‌تی فیدراڵی و سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كانی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆك وه‌زیران و جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم، كۆبونه‌وه‌یه‌كی نائاسایی ئه‌نجومه‌ن ئه‌نجام ده‌درێت.

لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وێستگەنیوزی رایگەیاند، "کۆبوونەوەکە لە حەوت بڕگە پێکهاتووە، هەموو وردەکارییەکانی پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا ئەمڕۆ باسدەکرێت، چ لە بواری دارایی و مووچە و نەوت، هەروەها ئەو زانیارییانەی کە بەغدا داوای لە هەرێم کردووە و وەزیرە کوردەکانی حکومەتی عێراق وردەکاری وەزارەتەکانی خۆیان دەخەنەڕوو ئەوەی کە هاوبەشە لەنێوان ئەوان و بەغدا".

لەبارەی بەشداری لایەنەکان لە کۆبوونەوەکە وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی، "هەموو لایەنەکان بانگهێشتی کۆبوونەوەکە کراون هەرکەس دێت بەخێربێت هەرکەسیش نایەت هەر بەخێربێت".

ئەوەشی وت، "ئامانجی ئەم کۆبوونەوەیە پەیوەستە بە تاک بە تاکی خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە، بۆیە ئامادەبوونی هەموو لایەنەکان بە پێویست دەزانین لە کۆبوونەوەکە".

بەپێی زانیارییەکانی وێستگەنیوز بێت، هەریەک لە کۆمەڵی دادگەریی و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بەشداری کۆبوونەوەکە ناکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا لایەنەکانی دیکە هیچ لێدوانێکیان لەبارەی بەشداریکردن یان بەشدارینەکردنیان لە کۆبوونەوەکە نەداوە.


AM:09:08:11/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 1776 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو