وته‌بێژی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم: كشانه‌وه‌ له‌ به‌غدا یه‌كێكه‌ له‌ بژارده‌كانی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی‌ سبه‌ی


وێستگه‌نیوز-
وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند كه‌ سبه‌ینێ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نائاسایی ئه‌نجوومه‌ن، له‌باره‌ی پرسی مووچه‌ و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام ده‌درێت، ده‌شڵێت: "كشانه‌وه‌ له‌ به‌غدا یه‌كێكه‌ له‌ بژارده‌كانی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌".


ئه‌مڕۆ هه‌ینی 10ی كانوونی دووه‌می 2025، پێشه‌وا هه‌ورامانی، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا، ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ "به‌یانی كاتژمێر (10) له‌ شاری هه‌ولێر به‌ ئاماده‌بونی نوێنه‌رانی هه‌رێمی كوردستان له‌ حكومه‌تی فیدراڵی و سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كانی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، له‌ ئه‌نوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆك وه‌زیران و جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم، كۆبونه‌وه‌یه‌كی نائاسایی ئه‌نجومه‌ن ئه‌نجام ده‌درێت".

وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ كوردستان 24 ده‌ڵێت: "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی به‌یانی كشانه‌وه‌ له‌ به‌غدا یه‌كێك ده‌بێت له‌ بژارده‌كان كه‌ گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ ده‌كرێت".

وتیشی‌: "ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌، تایبه‌ت ده‌بێت به‌ پرسی مووچه‌ و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ حكومه‌تی فیدراڵی".

له‌ لێدوانێكی‌ پێشووتریشی‌ دا وته‌بێژی‌ حكومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاندبوو كه‌ "كشانه‌وه‌ له‌ به‌غدا دوور نییه‌ و مه‌حاڵیش نییه‌ و ئه‌گه‌ر مامه‌ڵه‌ی‌ به‌رپرسانی‌ به‌غدا به‌مجۆره‌ به‌رده‌وام بێت، ئه‌گه‌رێكه‌ رووبدات".

 بڕیاریشه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پرسی‌ دواكه‌وتنی ناردنی پاره‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران تاووتوێ بكرێت، كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌ڵێت كه‌ تائێستا به‌غدا مووچه‌ی مانگی 12ی ساڵی رابردووی نه‌ناردووه‌، به‌پێَچه‌وانه‌وه‌ به‌غدا و به‌شێك له‌ په‌رله‌مانتارانی‌ كورد له‌ به‌غدا ده‌ڵێن به‌غدا پاره‌كه‌ی‌ ناردووه‌ و حكومه‌تی‌ هه‌رێم دابه‌شی‌ ناكات.
 


PM:11:43:10/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 1760 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو