مه‌ریوان قه‌ره‌نی‌: سه‌ركردایه‌تیی سیاسی داوامان لێ بكات، یه‌كه‌م كه‌س ده‌بم له‌ به‌غدا ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌


وێستگه‌نیوز-

جێگری سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند كه‌ "سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستان داوامان لێ بكات، یه‌كه‌م كه‌س ده‌بم ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ كوردستان"، ده‌شڵێت: "كشانه‌وه‌ له‌ به‌غدا كارتێكی كاریگه‌ره‌".

مه‌ریوان قه‌ره‌نی‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ "له‌ دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ی رۆژی چوارشه‌ممه‌ 8ی 1ی 2025ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ یه‌كێك له‌ مژاره‌كانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ كورد به‌ كۆی گشتیی لایه‌نه‌كانیه‌وه‌ وه‌ك هه‌ڵوێستێك به‌رامبه‌ر به‌ به‌رده‌وامبوونی حكوومه‌تی فیدڕاڵی له‌سه‌ر سیاسه‌تی برسیكردنی خه‌ڵكی كوردستان، كورد له‌ پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق بكشێته‌وه‌".

جێگری سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی ده‌ڵێت: "كشانه‌وه‌ كارتێكی كاریگه‌ره‌ و واباشه‌ سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستان ئه‌گه‌ر به‌ پێویستی زانی له‌ قازانجی هه‌رێمی كوردستان و گه‌له‌كه‌مان ده‌شكێته‌وه‌، بڕیاری له‌باره‌وه‌ بدات".

ده‌شڵێت: "پێویستیشه‌ هه‌موو په‌رله‌مانتار و به‌رپرسانی كورد پابه‌ندی بڕیاره‌كه‌ بن و له‌ ئێستاوه‌ من وه‌ك مه‌ریوان قه‌ره‌نی، یه‌كه‌مین په‌رله‌مانتار ده‌بم كه‌ پابه‌ندی بڕیاره‌كه‌ ده‌بم و ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان و له‌گه‌ڵ میلله‌تی خۆم سه‌ربه‌رزانه‌ ده‌ژیم".

ئه‌وه‌شی‌ خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ "كێشه‌ی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان ماوه‌ی 10 ساڵه‌ له‌ به‌غداوه‌ دروست كراوه‌ و به‌داخه‌وه‌ له‌ لایه‌ن هه‌ندێك ده‌سته‌ و گرووپی ناوخۆییش نان و پیازی زۆری پێوه‌ خوراوه‌،".

مه‌ریوان قه‌ره‌نی‌ راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "بۆیه‌ به‌ كرده‌یی كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ كۆتایی به‌و كێشه‌یه‌ بهێندرێت و به‌غدا ناچار بكرێت كه‌ له‌ ڕیشه‌وه‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكات. بۆیه‌ پشتیوانی له‌ هه‌ر هه‌نگاوێك ده‌كه‌ین كه‌ سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستان له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌له‌كه‌مان به‌ پێویستی بزانێت".


PM:10:47:10/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 2260 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو