د.موسه‌ننا ئه‌مین: حكومه‌تی هه‌رێم راستیه‌كان به‌ ئێمه‌ ناڵێت و قه‌یران له‌دوای قه‌یران ده‌یخوڵقێنێت


وێستگه‌نیوز-
د.موسه‌ننا ئه‌مین په‌رله‌مانتاری یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان رایگه‌یاند سبه‌ی به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ نائاساییه‌كه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ هه‌رێم ناكه‌ن، ده‌شڵێت: "حكومه‌تی هه‌رێم ڕاستیه‌كان به‌ ئێمه‌ ناڵێت و قه‌یران له‌دوای قه‌یران ده‌یخوڵقێنێت".


د.موسه‌ننا ئه‌مین به‌ میدیای‌ حزبه‌كه‌ی‌ وت: "بێزاربوین له‌م كۆبوونه‌وانه‌ و ناچینه‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كه‌وه‌ كه‌ ئه‌جێنداكه‌ی دیارنه‌بێت".
ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "حكومه‌تی هه‌رێم ڕاستیه‌كان به‌ ئێمه‌ ناڵێت قه‌یران له‌دوای قه‌یران ده‌یخوڵقێنێت كێشه‌ له‌دوای كێشه‌ دروست ده‌كات و هاوڵاتیانی هه‌رێم برسی ده‌كات، داهاته‌كان ئاشكرا ناكات ناتوانێت ڕێككه‌وتنێكی كۆنكریتی درێژخایه‌ن له‌گه‌ڵ  حكومه‌تی عێراق  ببه‌ستێت".

ده‌شڵێت: "نزیكه‌ی ساڵێك تێپه‌ڕی نه‌یتوانی لیستی مووچه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی به‌غدا ڕێكبكاته‌وه‌ و كێشه‌ و قه‌یرانه‌كان به‌رده‌وام زیاد ده‌كات كه‌م ناكات".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ "تا ئێستا مووچه‌ی مانگی دوازده‌ی فه‌رمانبه‌رانی نه‌داوه‌  وه‌ ئه‌و داتایانه‌ش كه‌ ده‌یخاته‌ڕوو جێگه‌ی متمانه‌نین بۆ ئێمه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ هیچ به‌ پێویستی نازانین حكومه‌ت قه‌یرانێكی هه‌بوو هه‌ڵوێستێك ده‌ربڕێ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ خۆی ڕیزبكات  ئێمه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌ت ڕیز نابین ئێمه‌ ئۆپۆزسیۆنین".

د.موسه‌ننا ئه‌مین راشیگه‌‌یاند كه‌ "ئه‌گه‌ر حكومه‌ت به‌سیفه‌تی ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانتاری كوردین له‌به‌غدا هه‌ڵوێستێكیان هه‌یه‌ و ده‌یانه‌وێت كێشه‌یه‌ك چاره‌سه‌ر بكه‌ن، ده‌توانن به‌ ڕاپۆرتێك زانیاریه‌كانمان بۆ بنێرن، ئه‌گه‌ر به‌ته‌مای هه‌ڵوێستێكیشن بیگرن له‌حكومه‌تی عێراق، ئێمه‌ ئاماده‌نین له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات هه‌ڵوێست وه‌رگرین".

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی یه‌كگرتوو ده‌شڵێت: "هه‌ر هه‌ڵوێستێكیش وه‌رگرن، ئێمه‌ دواتر هه‌ڵیده‌سه‌نگێنین، ئه‌گه‌ر پێمان باش بوو پشتیوانی لێده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر به‌ڕاستمان زانی و به‌به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستانمان زانی، ئه‌گه‌ر به‌باشیشمان نه‌زانی رای خۆمان روون و ئاشكرا ده‌ڵێین".

پێشتریش سۆران عومه‌ر سه‌رۆكی فڕاكسیۆنی كۆمه‌ڵی دادگه‌ری له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند كه‌ به‌شداریی كۆبوونه‌وه‌ نائاساییه‌كه‌ی‌ سبه‌ینێی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم ناكات".


PM:10:32:10/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 792 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو