حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستان: خەڵكی کوردستانی سوریا مافی خۆیانە بەرگری لە ماف و ئازادیەکان و بڕیاری سیاسی خۆیان بکەن


وێستگەنیوز-

حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستان لەبارەی هێرشی توركیا بۆ سه‌ر كوردستانی سوریا بەییاننامەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "بەهۆی ئەو هێرشانەی تورکیا و میلیشیا بەکرێگیراوەکانیەوە دەیان هاوڵاتی مەدەنی بوونەتە قوربانی و بارودۆخی نائارامی و جەنگ بەسەر دانیشتوانی ئەو ناوچانەدا سەپێنراوە".


لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "ئۆردوگان و دەسەڵاتە نەتەوەپەرست و فاشیستەکەی، کە لەڕێگای هاوکاریکردنی گروپە تیرۆریستیە ئیسلامیەکانی " سوپای نیشتمانی سوریا" و " هەیئەی تەحریری شام" ەوە، کە لە دوای دەرپەڕاندنی بەشار ئەسەدەوە لەچوارچێوەی بەندوبەستێکی سیاسیدا لە نێوان جەمسەرە جیهانی و ناوچەییەکاندا، دەسەڵاتی سوریایان ڕادەستکرا، ئەو غرورەی لا دروست بووە کە دەتوانێ بڕیاردەری سەرەکی بێت لە دۆخی سیاسی و ئەمنی سوریا و دیاریکردنی نەخشەی ئایندەی دەسەڵاتی سیاسی لەو وڵاتەدا، بۆیە وەکو خاوەنماڵ کەوتۆتە هەڕەشەکردن لە خەڵکی کوردستانی سوریا".

ئاماژە بەوەشکراوە، "حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەگەڵ ئەوەدا، کە هێرش و پەلامارەکانی تورکیا بۆسەر ناوچە کوردنیشینەکانی سوریا سەرکۆنە و مەحکوم دەکات، هاوکات بانگەوازی هێزە سیاسیە کرێکاری و کۆمۆنیستی و ئازادیخواز و مرۆڤدۆستەکانی ناوچەکە و جیهان دەکات لەپاڵ خەڵکی کوردستانی سوریادا ڕابوەستن و لەدژی شەڕفرۆشی و ملهوڕیەکانی دەوڵەت و سوپای تورکیا و میلیشیا ئیسلامیە بەکرێگیراوەکانی، بەتەواوی تواناوە ڕابوەستن".

دەقی به‌یاننامه‌ی حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستان:

شەڕفرۆشی تورکیا و میلیشیا بەکرێگیراوەکانی دژ بە خەڵکی ناوچە کوردنشینەکانی سوریا مەحکومە!

دوای ڕاگەیاندنەکەی ئەردۆگان بەوەی کە هێزەکانی سوریای دیموکرات یان دەبێ چەکەکانیان ڕادەست بکەن یاخود لەگەڵ چەکەکانیاندا دەیاننێژن، میلیشیا بەکرێگیراوەکانی "سوپای نیشتمانی سوریا" بە پشتیوانی فڕۆکە و تانک و تۆپخانەی سوپای تورکیا هێرشێکی بەربڵاویان بۆسەر ئەو ناوچانە دەستپێکردوە کە لەژێر دەستی هێزەکانی" هەسەدە_ هێزەکانی سوریای دیموکرات"دان لە ناوچەی مەنبەج لە نزیك بەنداوی تشرین. تائێستا، ئەگەرچی هێزەکانی هەسەدە بەرگرییەکی سەخت لە خۆیان و خەڵکی ناوچەکە دەکەن، بەڵام بەهۆی ئەو هێرشانەی تورکیا و میلیشیا بەکرێگیراوەکانیەوە دەیان هاوڵاتی مەدەنی بوونەتە قوربانی و بارودۆخی نائارامی و جەنگ بەسەر دانیشتوانی ئەو ناوچانەدا سەپێنراوە.

ئۆردوگان و دەسەڵاتە نەتەوەپەرست و فاشیستەکەی، کە لەڕێگای هاوکاریکردنی گروپە تیرۆریستیە ئیسلامیەکانی " سوپای نیشتمانی سوریا" و " هەیئەی تەحریری شام" ەوە، کە لە دوای دەرپەڕاندنی بەشار ئەسەدەوە لەچوارچێوەی بەندوبەستێکی سیاسیدا لە نێوان جەمسەرە جیهانی و ناوچەییەکاندا، دەسەڵاتی سوریایان ڕادەستکرا، ئەو غرورەی لا دروست بووە کە دەتوانێ بڕیاردەری سەرەکی بێت لە دۆخی سیاسی و ئەمنی سوریا و دیاریکردنی نەخشەی ئایندەی دەسەڵاتی سیاسی لەو وڵاتەدا، بۆیە وەکو خاوەنماڵ کەوتۆتە هەڕەشەکردن لە خەڵکی کوردستانی سوریا.

دەوڵەتی تورکیا کە خۆی پشتیوانی سەرەکی سیاسی- سەربازی و لۆجستی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بوو، وە خۆی پشتیوانی سەرەکی گروپە چەکداریە تیرۆریستیەکانی "سوپای نیشتمانی سوری" و " هەیئەی تەحریری شام"ە ، شمشێری لەناوبردنی "تیرۆریستە کوردەکان" و "هەسەدە"ی هەڵکێشاوە! هەڕەشەی ناشتنی ئەو کەسانە دەکات کە دژی داعشی تیرۆریستی کۆنەدۆستی ئۆردوگان جەنگین و توانییان شکستیان پێبهێنن.

ئەم بانگەشەیەی ئۆردوگان و هێرشی سوپا و میلیشیا بەکرێگیراوەکانی بۆسەر کوردستانی سوریا بەبیانوی لەناوبردنی تیرۆر و هێزە جوداخوازەکانی سەر بەپەکەکە، لەکاتێکدایە کە سەرانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا، لە ئۆردوگانەوە تا دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی تورکەوە، بانگەشەی ئاشتی و برایەتی نێوان کورد و تورك دەکەن لە تورکیا. ئەم ملهوڕی و عەنتەریاتەی ئۆردوگان و رژێمە شۆڤێنیست- ئیسلامیەکەی دژی خەڵکی کوردستانی سوریا دەرخەری ئەوەیە کە بانگەشەی ئاشتی و برایەتیشیان لەگەڵ خەڵکی کوردزمانی تورکیا تەنها پیلانێکە بۆ ئارامکردنەوەی ناوماڵی خۆیان تا بەرگەی ئەو باهۆزە سیاسی و ئەمنی و سەربازیە بگرێت کە لەناوچەکەدا بەدوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەدەوە هەڵیکردوە! بۆ ئەوەیە کە ڕێگابگرێ لە بەکارهێنانی کارتی پەکەکە لە ململانێ سیاسی و سەربازی و ئەمنیەکانی ناوچەکەدا لەلایەن نەیارە جیهانی و ناوچەییەکانیەوە. هاوکات دەرفەتی نزیکبوونەوەی نێوان هێزەکانی نزیك لە پەکەکە و ناسیۆنالیزمی کورد لە تورکیا لەگەڵ هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی تورکی دژ بە ئۆردوگان لەناو جەهەپە و باقی هێزەکانی دیکەدا کەمبکاتەوە.

لە سەردەمێکدا کە مەنتقی هێز و ملهوڕی بووە بە سیاسەتی ڕاگەیەنراوی هێزە بۆرژواییە ئیمپریالیستی و لۆکاڵیەکان، ئیتر هیچ سەرپۆشێك پێویست نییە بۆئەوەی بۆرژوازی ماهیەتی درۆزنانەی دژە ئینسانی خۆی لەژێریدا بشارێتەوە! کوشتاری خەڵکی مەدەنی و مناڵ و ژن وەکو بەشێك لە سیاسەتی جەنگی و شکسیپێهنان و تەمێکردنی "دوژمن" و کاولکردنی ماڵوحاڵیان، باراندنی بۆمب و مووشەك بەسەر شارەکاندا، جڵەوشلکردن بۆ گروپ و دەستەو تاقمی بەکرێگیراوی ئیسلامی و نەتەوەپەرست و بەردانیان بۆ گیانی خەڵکی بێدیفاع و مەدەنی بووه‌تە بەشێك لە ستراتیژی جەنگی بۆرژوازی لە دەورانێکدا کە هیچ بەهایەك بۆ ژیانی ئینسانی کرێکار و زەحمەتکێش لە قاموسی سیاسی بۆرژوازی و دەسەڵاتە ڕەنگاوڕەنگەکانیدا نەماوەتەوە. لە دەورانێکدا کە قەیرانی ئابوری، سیاسی و کۆمەڵایەتی و بێتوانایی بۆرژوازی و سیستەمەکەی لە بەرێوەبردنی ژیانی کۆمەڵایەتی مرۆڤی ئەم سەردەمەدا پووچی هەموو ئیدیعاکانی بۆرژوازی دەربارەی مافی مرۆڤ و ئازادی و ئاشتی و ئاسایش و خۆشگوزەرانی و سەروەربوونی یاسا نێودەوڵەتیەکان بەشێوەیەکی روون و ڕەوان نیشانداوە، لە سەردەمێکدا کە ئیسرائیل کوشتنی بەکۆمەڵی مناڵی فەلەستینی وەکو مافی بەرگریکردن لە خۆی دەگرێتەبەر و لەلایەن ئەمریکا و ووڵاتانی رۆژاواوە پشتیوانی لێدەکرێ، ئەو دەرفەتەش بۆ فاشیستێکی وەکو ئۆردوگان ڕەخساوە کە هەڕەشەی کوشتاری خەڵکێك بکات لەو دیو سنورەکانیەوە کە گوایە مەترسی بۆسەر ئاسایشی نیشتمانی ووڵاتەکەی دروست دەکەن!

ئۆردوگان و دەسەڵاتەکەی کە لە تورکیا سەرەتاییترین مافەکانی خەڵکی کوردزمان پێشێل دەکات و بەبیانووی جۆراوجۆرەوە هەڵسوڕاوانی سیاسی و ئەندام پەرلەمانە کوردەکان و... دەستگیر و زیندانی دەکات، دەیەوێ ئەو دەرفەتەی لە کەوتنی بەشار ئەسەد بەدەستی هێناوە لەدژی هاوڵاتیانی کوردزمانی سوریاش بقۆزێتەوە، تا باڵادەستی خۆی بەسەر ناوچەکەدا زمان بکات. بۆیە بانگەشە و پیلان و سیاسەتی جەنگخوازی تورکیا دژبە خەڵکی کوردستانی سوریا هیچ ڕەوایەتیەکی نییە و بیانووەکانی بۆ دژایەتی تیرۆر لەڕوانگەی ئێمە و بەشەریەتی ئازادیخواز و ئینساندۆستەوە مەحکومە. خەڵكی کوردستانی سوریا مافی خۆیانە بەرگری لە ماف و ئازادییەکان و بڕیاری سیاسی خۆیان بکەن دژی هەرجۆرە دەستدرێژییەکی تورکیا.

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەگەڵ ئەوەدا، کە هێرش و پەلامارەکانی تورکیا بۆسەر ناوچە کوردنیشینەکانی سوریا سەرکۆنە و مەحکوم دەکات، هاوکات بانگەوازی هێزە سیاسیە کرێکاری و کۆمۆنیستی و ئازادیخواز و مرۆڤدۆستەکانی ناوچەکە و جیهان دەکات لەپاڵ خەڵکی کوردستانی سوریادا ڕابوەستن و لەدژی شەڕفرۆشی و ملهوڕیەکانی دەوڵەت و سوپای تورکیا و میلیشیا ئیسلامیە بەکرێگیراوەکانی، بەتەواوی تواناوە ڕابوەستن.

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٩/١/٢٠٢٢٥



AM:12:05:10/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 3776 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت