سەلاحەدین بەهادین: پەیوەندییەکانی یەکگرتوو دەخەینە خزمەتی چەسپاندنی مافی گەلەکەمان لە رۆژئاوا
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ی کانونی دووەمی 2025، بە سەرۆكایەتی سەڵاحەدین محەمەد بەهادین، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و بە ئامادەبوونی سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی و سەرۆكی دەستەی باڵای چاودێری و یاریدەدەری ئەمینداری گشتی و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكگرتوو یەكەمین كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە دوای كۆنگرەیی نۆیەم لە شاری هەولێر ئەنجامدا.
بەپێی راگەیەندراوی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بێت، "لە کۆبوونەوەکەدا ئەمینداری یەکگرتوو دواگۆرانكاری و پێشهاتەكانی هەرێم و عێراق و ناوچەكەی شیكردەوە بەتایبەتی ئەو گۆڕانکارییە گەورەی لە سوریادا روویدا پاش رووخانی رژێمی ستەمکاری پێشوو، تەئكیدی كردەوە كە پەیوەندیەكانی یەكگرتوو و خودی ئەمینداری گشتی دەخاتە خزمەتی چارەسەرکردن و چەسپاندنی مافی گەلەکەمان لە رۆژئاوا و درێژەدان بە هەوڵەکانمان لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و بەرقەراركردنی ئاسایش و ئارامی هەرێم و ناوچەكە و بەدەستهێنانی مافە رەواكانی گەلی كورد، لەو پێناوەشدا یەکگرتوو چی لە توانایدا بێت درێغی ناکات".
ئاماژە بەوەکراوە، "لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا بەردەوامی درا بە پێكهێنانەوەی مەكتەب و مەڵبەندەكان و لەوبارەوە پێشنیاری پێویست ئامادەكرا بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو بە شێوەیەك كە كەسی شیاو بۆ پۆستی شیاو دەستنیشان بكرێت".
ئەوەشخراوەتەڕوو، "لەتەوەرەیەكی تری كۆبوونەوەكەدا پرسی موچەو كێشەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و بەغدا تاوتوێكرا و جەختكرایەوە كە پێویستە هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغدا دەستوبرد بكەن لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان و دابینكردنی خزمەتگوزاری پێویست بۆ هاوڵاتیان و موچەی فەرمانبەران بە شێوەیەكی مانگانە و بەبێ دواكەوتن و فەوتان دابەشبكەن".
مەكتەبی سیاسی یەكگرتوو جەختی كردەوە لەوەی كە هەرچی زووترە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان پێكبهێنرێت و پەرلەمان كارا بكرێـت و رۆڵی گرنگی خۆی ببینێ، هەروەها تەئكیدكرایەوە لەوەی كە یەكگرتوو لە كابینەی نوێی حكومەت بەشدار نابێت و درێژەدەدا بە رۆڵی ئۆپۆزسیۆنی خۆی لە پەرلەمانی كوردستان.
PM:08:38:09/01/2025
ئهم بابهته 3380
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت