کار بۆ دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت


وێستگەنیوز-

بۆ پرسى دامەزراندنى سێ یەکەمەکان و هەڵگرانى بروانامە باڵاکان، وەزیرى خوێندنى باڵاى هەرێم لەگەڵ سەرۆکى ئەنجومەنى راژەى عێراق کۆبووەوە.


وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، "بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە پرسی دامەزراندنی سێ یەکەمەکان لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و هەڵگرانی بروانامە باڵاکان و دەرچوانى زانکۆکان، وەزیرى خوێندنى باڵاى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ سەرۆکى ئەنجومەنى راژەى عێراق کۆبووەوە".

ئەمڕۆ پێنجشەممە رێکەوتى (2024/1/9) د. ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە ئامادەبوونى بریکارى وەزارەت و نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێم لە بەغدا و راوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى، پێشوازیکرد لە مەحمود محەمەد عەبد، سەرۆکى ئەنجومەنى راژەى حکومەتى عێراق و وەفدێکى یاوەرى.

لە دەستپێکدا وەزیرى خوێندنى باڵا دواى بەخێرهێنانى وەفدى میوان، کورتەیەکى لەبارەى پرسە هاوبەشەکانى نێوان هەردوولا پێشکەش کرد کە بریتى بوون لە: دامەزراندنى سێ یەکەمەکانى سەر ئاستى بەش و کۆلێژەکان لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستانن و دامەزراندنى هەڵگرانى بڕوانامەى ماستەر و دکتۆرا لە هەرێمى کوردستان و دەرچوانى زانکۆکان.

وەزیری خوێندنی باڵا داواى لەسەرۆکى ئەنجومەنى راژەى عێراق کرد پەرۆش و هاوکار بن لەگەڵمان بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی کاری شایستە بۆ گەنجان و سود وەرگرتن لە توانایان بۆ گەشەپێدانی هەمەلایەنەی وڵات و ڕێگر بین لە کۆچی هزرو تواناکانی گەنجان کە گرنگترین سەرمایەی وڵاتەکەمانن و بەگرنگییەوە لە کێشەو گرفتەکانیان بڕوانین کە چەندین ساڵە بەهۆى قەیرانە یەک لە دوا یەکەکانەوە نەتوانراوە دابمەزرێن.

هەروەها وەزیری خوێندنی باڵا دوپاتی کردەوە کە دەرچووە یەکەمەکانی زانکۆکان و هەڵگرانی بڕوانامەی خوێندنی باڵا و دەرچوانى تر کەسانی زیرەک و سەرکەوتوو و بەتوانای وڵاتەکەمانن، هەموو ژیان و سەرمایەی خۆیان بۆ گەشەپێدانی لایەنی زانستی و ئەکادیمی تەرخان کردوە، بۆیە شایەنی دامەزراندن و هەلی کاری شایستە و سەقامگیری ئابوورین.

لەلایەن خۆشییەوە سەرۆکى ئەنجومەنى ڕاژەى حکومەتى عێراق ئاماژەى بە کاروبارە یاسایی و کارگێڕییەکانى ئەنجومەنى ڕاژەى عێراقى کردو ڕایگەیاند، "هەماهەنگیمان لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئەنجومەنی راژەی هەرێمی کوردستان دەمانخاتە سەر ڕێچکەى چارەسەرى زۆرێک لەو بابەت و پرسە هاوبەشانەى لە نێوان هەردولادا هەیە و پێویستیان بە گفتوگۆ و لێکگەیشتن هەیە بەمەبەستى خزمەتکردنى بە دەرچوانمان و سود وەرگرتن لە تواناو پسپۆڕییەکانیان".

لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا ڕێکارە یاسایی و کارگێری و تەکنیکییەکانى نێوان هەردوولا خێراتر بکرێن، بۆ ئەم مەبەستەش کاری هەوبەشی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی لەچوارچێوەی بنەماکانی شەفافیەت و هەلی یەکسان و دادپەروەردا دەرفەتی کار بۆ گەنجانی وڵاتەکەمان بڕەخسێنرێت.



PM:06:01:09/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 3376 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو