قوباد تاڵەبانی بۆ کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێم: حکومەتی داهاتوو دەبێت کێشە سەرەکییەکانی خەڵکی کوردستان چارەسەربکات
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ی کانونی دووەمی 2025 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە ئاندرۆ بیزلی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێ کران.
لە تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەدا کە لە هەولێر بەڕێوەچوو، باس لە گفتوگۆکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان کرا بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم، قوباد تاڵەبانی روونی کردەوە گفتوگۆکان بەردەوامە بە ئاراستەی گەیشتین بە رێککەوتنێک کە رەزامەندیی هەموو لایەنەکانی بەشداری لەسەر بێت.
جەختیشی کردەوە، "حکومەتی داهاتوو دەبێت حکومەتێکی خزمەتگوزاربێت و کێشە سەرەکییەکانی خەڵکی کوردستان چارەسەر بکات.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداش، جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەدا هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە کێشەی موچە و بودجە و کێشەکانی دیکەی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر بنەمای دەستور چارەسەر بکرێت. لەمبارەیەوە کونسوڵی گشتیی بەریتانیا بە گرنگی زانی کێشەکان بە ڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێت و پشتیوانی وڵاتەکەشی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دووپات کردەوە".
لە تەوەرێکی دیکە گفتوگۆکرا لەبارەی گرنگیی پەرەپێدانی تواناکانی گەنجان لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەیدا بە پڕۆژەکانی فاوندەیشن هەب و فاوندەیشن لاب بۆ تواناسازی گەنجانی داهێنەر و خاوەن بزنسی بچوک و روونی کردەوە؛ ئامانجیان لەم پڕۆژانە دەرخستنی تواناکانی گەنجان و ئاستی بەشدارییان لە گەشەپێدانی ئابوری کوردستاندا بەهێزتر بکەن.
لەم چوارچێوەیەدا کونسوڵی گشتیی بەریتانیا پڕۆژەکەی بە گرنگ وەسف کرد و ئامادەیی خۆی و کونسوڵخانەی بەریتانیای بۆ هاوکاریکردنی پڕۆژەکە دەربڕی.
PM:05:41:09/01/2025
ئهم بابهته 3512
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت