بافڵ تاڵەبانی: رێگەنادەین غەدر و ناحەقی بەرامبەر هیچ کەسێک بکرێت


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ی کانونی دووەمی 2025، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان چاویکەوت بە نوێنەری خاوەنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان.

لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا نوێنەری خاوەنی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان لە راپۆرتێکدا کێشە و داواکارییەکانیان خستەڕوو و راشیانگەیاند، پابەندی رێنمایی و رێکارە یاسایی و ئەمنییەکان دەبن و هاوکاری تەواوی دەزگای ئاسایش و سەرجەم دامەزراوەکان دەبن بۆ پاراستنی ئارامیی سلێمانی.

لەبەرامبەردابافڵ تاڵەبانی پشتیوانیی خۆی بۆ سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، "خۆمان بە پارێزەری سەرجەم خەڵکی کوردستان دەزانین بەهەموو چین و توێژەکانییەوە، ئەرکی ئێمە پاراستنی ماف و بژێویی ژیانی خەڵکە و رێگەنادەین غەدر و ناحەقی بەرامبەر هیچ کەسێک بکرێت".

سەرۆکی یەکێتی وتیشی، "لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان و دەزگا ئەمنییەکان هەماهەنگ دەبین تاوەکو لەچوارچێوەی یاسا و رێکارەکاندا کێشەی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان چارەسەر بکرێت، بێگومان پابەند بە رێنماییەکانی هاتوچۆ و ئاسایش ئەم کارە دەکرێت و دەبێت یاسا وەک یەک بەسەر هەموواندا جێبەجێبکرێت".

لەکۆتایی کۆبوونەوەکەشدا بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند، "نابێت لە کوردستاندا مافی هیچ توێژێکی کۆمەڵگە پێشێلبکرێت و نادادییان بەرامبەر بکرێت، پشتیوانیی هەمووان دەبین و هەرێمێکمان دەوێت تێیدا هەمووان هەست بە ئارامی و پارێزراوی بکەن و رێز لە مافەکانیان بگیرێت".


PM:04:46:09/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 3960 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو