عەلی حەمە ساڵح: دەسەڵاتداران بە 14 ساڵ رێگەیەکی 25 کیلۆمەتریان پێ تەواو نەکراوە


وێستگەنیوز_

عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی رەوتی هەڵوێست بەشداری لە گردبوونەوەی ناڕەزایی هاوڵاتیانی گوندی کانی وەتمان لە ناحیەی خەلەکان کرد و رایگەیاند: هاوڵاتیانی کاتی وەتمان، رێگەی سەرەکی ئەم دۆڵە و خەلەکانیان داخستووە. مافی خۆیانە چونکە 14 ساڵە بڕیار دراوە کە 25 کیلۆمەتر لێرە قیر بکەن. سەدان ملیۆن دۆلار دزراوە لا لایەن بەرپرسانەوە لە ماوەی ئەم 14 ساڵەدا، بەڵام ئامادەنین 25 کیلۆمەتر بە 14 ساڵ قیر بکەن بۆ ئەو خەڵکە.

لە میانی پێشکەشکردنی وتارێکیدا عەلی حەمە ساڵح وتی، تەنها خەڵکی ئەم دۆڵە نزیکەی 80 کەسیان لە رووداوی هاتووچۆدا مردووە لەم رێگەیە، بەڵام هێشتا بێ باکن، بێ منەتن. بە پارەی 10 رۆژی قاچاخچێتی مەرزەکانی باشماخ و پەروێزخان چارەسەر دەبێت!

ئاماژەی بەوەشکرد: دەکرێت منداڵێكی خۆیان ڤێلایەک بکرێت بە 65 ملیۆن دۆلار، کەناڵی ئاسمانییان هەبێت، زانکۆیان هەبێت، بەڵام جاددەیەکی ئاسایی بۆ خەڵك ڕەوا نابینن. ئەمریت، ئەژیت، نامریت؛ کەیفی خۆتە! پێش هەڵبژاردن بەڵێنی درۆی زۆریان بە خەڵک دا بەڵام دوای هەڵبژاردن لێیان نەپرسینەوە، 

وتیشی: ئێستا سێ رۆژە ئەم خەڵکە لەم سەرمایە خێمەی هەڵداوە و رێگەیان گرتووە، بەڵام هیچ کام لە بەرپرسان شعوریان ناجوڵێت بڵێت ئایا ئەم خەڵکە لە خۆشیا ئەم رێگەی گرتووە؟ 

لە کۆتاییشدا دووپاتی کردەوە، "بە بڕوای من، ئەم رێگەی خەلەکانە گەورەترین شەرمەزارییە بۆ حکومڕانی، 25 کیلۆمەتر نەتوانی بە 14 ساڵ تەواو بکەی! راستە بڕیاریان لە رێگەی کۆیە و هەولێر داوە، چونکە 32 کیلۆمەتر، 430 ملیار دیناریان بۆ تەرخان کردووە، 200 ملیار دیناری زیادەیە بۆ خواردن! داهاتی نەوت لەم رێگەوە هەزاران تەنکەر رۆیشت، بەڵام داهاتی نەوت بە درێژایی ئەمساڵ سفر بوو، پشتیوان بەخوا حەم زوڵم و ستەمکاری و ناحەقییەی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی ناچێتە سەر.. هیوادارین دڵسۆزێک هەبێت گوێ لەم خەڵکە بگرێت."


AM:11:47:09/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 792 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو