به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ خۆسه‌ر هۆشداری‌ له‌ داڕمانی‌ به‌نداوی‌ تشرین به‌هۆی‌ بۆردوومانه‌كانی‌ توركیاوه‌ ده‌دات


وێستگه‌نیوز-
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ خۆسه‌ر له‌ رۆژئاوای‌ كوردستان هۆشداری‌ ده‌دات له‌وه‌ی‌ به‌هۆی‌ هێرشه‌كانی‌ توركیا و مورته‌زه‌قه‌كانیه‌وه‌ ئه‌گه‌ری‌ هه‌ره‌سهێنانی‌ به‌نداوی‌ تشرین هه‌یه‌، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ سه‌دان گوند و ناوچه‌ ژێرئاو ده‌كه‌ون.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 8ی‌ كانوونی‌ دووه‌می‌ 2024 به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ خۆسه‌ر له‌ باكوور و رۆژهه‌ڵاتی‌ سوریا راگه‌یه‌ندراوێكی‌ ئاراسته‌ی‌ رای گشتی‌ كرد و تیایدا هاتووه‌ كه‌ "ماوه‌ی زیاتر له‌ مانگێكه‌ له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی‌ توركیا و مورته‌زه‌قه‌كانیه‌وه‌ به‌نداوی تشرین تۆپباران ده‌كرێت و هێرشی ئاسمانی به‌رده‌وامی‌ ده‌كرێته‌سه‌ر، به‌هۆی‌ ئه‌م هێرشانه‌شه‌وه‌ راسته‌وخۆ مه‌ترسی‌ په‌ككه‌وتنی‌ به‌نداوه‌كه‌ و هه‌ره‌سهێنانی‌ هه‌یه‌ ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی روودانی كاره‌ساتی‌ مرۆیی و ژینگه‌یی".

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ خۆسه‌ر ده‌ڵێت: "ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، كاروانێكی‌ مه‌ده‌نی كه‌ هه‌زاران كه‌س له‌ باكوور و رۆژهه‌ڵاتی سوریا تیایدا به‌شداربوون، له‌لایه‌ن فڕۆكه‌ بێفڕۆكه‌وانه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیاوه‌ بۆردومان كرا و له‌ ئه‌نجامدا 5 هاوڵاتی مه‌ده‌نی شه‌هیدبوون و 15ی‌ تر برینداربوون".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "ئه‌م كاروانه‌ له‌ وه‌ڵامی بانگه‌وازی دوێنێی‌ ئیداره‌ی خۆسه‌ری دیموكراتی ناوچه‌ی باكوور و رۆژهه‌ڵاتی سوریا كه‌وته‌ڕێ‌، به‌ره‌و به‌نداوی تشرین بۆ ده‌ربڕینی هه‌ڵوێستیان و ره‌تكردنه‌وه‌ی هێرشه‌كانی سه‌ر به‌نداوه‌كه‌ له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ری توركیا و به‌كرێگیراوه‌كانییه‌وه‌".

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ "ئێمه‌ له‌ ئیداره‌ی خۆسه‌ری دیموكراتی باكور و رۆژهه‌ڵاتی سوریا به‌ توندترین شێوه‌ ئیدانه‌ی ئه‌م ده‌ستدرێژییه‌ ناڕه‌وایه‌ ده‌كه‌ین كه‌ خه‌ڵكی مه‌ده‌نی كرده‌ ئامانج، به‌ ئامانجی رێگریكردن له‌ گه‌یشتنیان به‌ به‌نداوی تشرین. هاوكات ئیراده‌ی ئازادی گه‌له‌كه‌مان به‌رزده‌نرخێنین، كه‌ سه‌ره‌ڕای هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كان رێپێوانه‌كه‌یان به‌ره‌و به‌نداوی تشرین ته‌واو كرد، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ده‌نگی به‌رز ئه‌م هێرشانه‌ ره‌تبكه‌نه‌وه‌ به‌ تایبه‌ت كه‌ دامه‌زراوه‌ گرنگه‌كان و ژێرخانی ئابووری به‌ئامانج ده‌گرێت، كه‌ سه‌رچاوه‌ی وزه‌ و ژیانن بۆ هه‌موو دانیشتوانی ناوچه‌كه‌".

هۆشداریش ده‌كات له‌وه‌ی‌ "له‌كاركه‌وتنی‌ به‌نداوه‌كه‌ و هه‌ره‌سهێنانی‌ ده‌بێته‌ هۆی به‌ردانه‌وه‌ی‌ ئاو به‌ لێشاو كه‌ ده‌بێته‌ هۆی ژێرئاوكه‌وتنی ناوچه‌یه‌كی به‌رفراوانی زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان، هه‌روه‌ها به‌ سه‌دان گوند و ناوچه‌ی ده‌وروبه‌ری رووباری فورات هه‌ر له‌ ته‌بقه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ ره‌ققه‌ و زه‌وییه‌كانی‌ عێراق، ژێرئاو ده‌كه‌ون".

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ خۆسه‌ر بانگه‌واز ئاراسته‌ی‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی، نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، رێكخراوه‌ مرۆییه‌ نێوده‌وڵه‌تی و ناوخۆییه‌كان، و هه‌موو لایه‌نه‌ كاراكانی‌ بواری مرۆیی ده‌كات كه‌ "هه‌نگاوی به‌په‌له‌ بنێن بۆ كۆتاییهێنان به‌ بۆردوومانكردن و هێرشه‌كانی‌ سه‌ر به‌نداوی تشرین و دانانی‌ سنوورێك بۆ ده‌ستدرێژییه‌ به‌رنامه‌ بۆداڕێژراوه‌كان بۆسه‌ر ژێرخانی ژیاری‌ ناوچه‌كانی‌ باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سوریا".


PM:10:10:08/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 836 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو